کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارێکی دیکەی کورد بە هۆی رووداوی کار گیانی لە دەست دا

16:39 - 11 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کرێکارێکی کورد لە کاتی هێنانە خوارەوەی لوولەی ئاسن لەسەر ماشین، تووشی رووداوی کار بوو و لە ئانجامدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری \'\'سەر پێڵی‌ زەهاو\'\'، کەلە شیرکەتی ئاویاریی تەنگ حەمامی قەسری شیرین هەڵکەوتوو لە گوندی \'\'کەلانتەر\'\' سەرقاڵی کردن بوو، لە کاتی کار کردندا بە هۆی کەوتنەوە خوارەوە لەسەر ماشین بە توندی بریندار بوو.

ئەم کرێکارە کوردە پاش راگواستنی بۆ نەخۆشخانە و چاوەدێریی پزیشکی لە نەخۆشخانە، بەهۆی قووڵیی برینەکەیەوە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، گیانی لە دەست دا.

دابین‌نەکردنی ئەمنیەت بۆ کرێکاران، ساڵانە دەبێتە هۆی ئەوەیکە دەیان کرێکار لە کاتی کارکردندا تووشی رووداو بن و گیانیان لە دەست بدەن.

رەوتی بەرزبوونەوەی قوربانییانی رووداوی کار لە ساڵەکانی رابردوودا و هەڵکشانی ئەم ئامارانە لە ٦٩٧ گیان‌لەدەستدان لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی بۆ یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکار لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، دەرخەری بارودۆخی نالەبار و نەبوونی ئەمنیەتی کارگەکان و کارخانەکان و جێ‌بەجێ نەکردنی ئیمەنیی پێویست لەلایەن کارفەرمایانەوەیە.