کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێ تاکسی لە کرماشان ٢٧% زیادی کرد

16:41 - 21 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەهای کرێ تاکسی لە پارێزگای کرماشان لانیکەم لەسەد ٢٧ زیادی کرد و لە هەندێ شوێنی ئەو پارێزگایە نرخی راگەیەنراو لەو رێژەیە زیاتر هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە درێژەی گرانی و زیادبوونی بەهای شتومەکەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی بانەمەڕ، کرێ تاکسی لە پارێزگای کرماشان لانی‌کەم لەسەدا ٢٧ زیادی کرد و هۆکارەکەشی بۆ گرانیی سووتەمەنی و ئامانجدارکرانی قۆناغی دووهەمی سوبسیدەکان گەڕێندراوەتەوە.
لە مانگی رێبەندانی ساڵی رابردووەوە دەنگۆی دانی گەڵاڵەی زیادکردنی بەهای کرێ تاکسییەکان لەلایەن رێکخراوی تاکسیڕانییەوە بڵاو بۆتەوە کە هەر لەو کاتەوە کرێ تاکسی لە زۆربەی شارەکان هەڵکشانی بە خۆیەوە بینی، بەڵام هەتا ئەمڕۆ ئەو نرخە بە فەرمی لەلایەن ئەو رێکخراوەوە رانەگەیەنرابوو.
گرانبوونی کرێ تاکسی و نەبوونی چاودێری، رێکخراوی تاکسیڕانیی بە هەڵکشاندنی نرخەکان ناچار کردووە و ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە بەهۆی گرانیی سووتەمەنی و کەمیی داهاتی تاکسیڕانان، نرخەکە لە داهاتوودا لەو رێژەیەش گران‌تر ببێت.