کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کشانەوەی کۆمپانیاکانی ئورووپا لە ئێران بەردەوامە

11:23 - 3 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیای "ئۆتۆتەک" و بانکی "bpi"ی فەڕانسە، چالاکییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕادەگرن.

لە درێژەی کشانەوەی بانک و کۆمپانیا دەرەکییەکان لە ئێراندا، پاش وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیاکانی کەرتی کانزا: "ئۆتۆتەکـ"ـی فینلاند و بانکی "bpi"ی فەڕانسە،کە لە کۆمپانیا فەڕانسەیییەکان پاڵشتیی دەکرد بۆ بازەرگانی لە ئێران، چالاکییەکانی خۆیان لە ئێران ڕادەگرن.

وتەبێژی کۆمپانیای فینلاندی ئۆتۆتەک ڕایگەیاندووە، کە گرووپی پیشەیی ئەو کۆمپانیایە پاش وەرگرتنی دوایین بار  و کەلوپەلێک کە بە ئێران فرۆشراوە، پێش لە ٤ی نەوامبری مانگی داهاتوو، لە بازاڕەکانی ئێران دەکشێتەوە.

هەروەها نیکوولا دۆفۆرک، بەڕێوەبەری ئیجرایی بانکی "bpifrance" ڕایگەیاندووە، بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا، لە هیچ کۆمپانیایەکی فەڕانسەیی بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران پاڵپشتی ماڵیی ناکات.

بانکی بی پی ئای فەڕانس، بە دروستکردنی مکانیزمێکی کاری، پاڵپشتیی ماڵی دەکات لە کۆمپانیا فەڕانسەیییەکان کە لە بواری هەناردەکردنی کەلوپەل بۆ ئێران چالاکی دەکەن، بەڵام بە هۆی گەمارۆوەکان و نەبوونی گارەنتی ماڵی لە لایەن کڕیارانی ئێرانی، لە هیچ کۆمپانیایەکی دیکە بۆ بازرگانی لە ئێران پاڵپشتی ناکات.

پاش دووپاتبوونەوەی گەمارۆوەکان لە لایەن ئامریکاوە، وڵاتانی ئورووپایی جەختیان دەکرد، کە بازرگانیی خۆیان لەگەڵ ئێران درێژە دەدەن، بەڵام هەتا ئێستە نزیک بە ٦٠ کۆمپانیای ئورووپایی چالاکییە بازەرگانییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕاگرتووە.