کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کلینتۆن: رێژیمی ئێران گەورەترین مەترسییە بۆ ئامریکا

23:23 - 24 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: هیلاری کلینتۆن لە یەکەمین کۆبوونەوەی جەماوەریی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئامریکادا رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئامریکا هەژمار دەکرێت

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەربژێری دێموکراتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ساڵی داهاتووی ئامریکا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە یەکەمین کۆبوونەوەی جەماوەریی پێش هەڵبژراندەکان، رووسیە، کورەی باکوور و رێژیمی ئێرانی مەترسیدار وەسف کردووە.

هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتی ئامریکا بەهێزترین وڵات لە بەرەوڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی رێژیمی ئێران، کورەی باکوور و روسیەیە.

ئەم لێدوانانەی هیلاری کلینتۆن و مەترسیدار وەسف‌کردنی رێژیمی ئێران لە عاڵێکدایە کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا رۆژی هەینی ٢٢ی رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، دانووستانەکانی ناوەکی لەگەڵ رێژیمی ئێرانی ئالۆز و دژوار وەسف کردووە.

هەروەها، دیپلۆماتەکان لەسەر ئەو باوەڕەدان کە چەند حەفتە ماوە بۆ کۆتایی مۆڵەتی دیاریکراو و دانووستانەکانی ناوەکی بەروپێش چوونێکی بەرچاوی نەبووە.

پێشتریش ئێلینا روز لێتین، ئەندامی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئامریکا و بەرپرسی کۆمیتەی کاروباری رۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئافریقا لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەو وڵاتە، لە بەیاننامەیەکدا بۆ چەندەمین جار لەبارەی هەر شێوە رێکەوتنێکی زلهێزەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بە دەوڵەتی ئامریکا هوشداری داوە.

ئەم ئەندامەی کۆنگرەی ئامریکا لە وتەکانی خۆی جەختی لەسەر رێگەپێنەدان بە بەرنامەی وەزی ناوکی رێژیمی ئێران کرد و هەروەها وتی کە هیچ نیشانەیەک لە هەوڵدان بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوەکی دیار نییە.
هەروەها، واشێنگتۆن پۆست لەم پێوەندییەدا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە لە کاتێکدا کە دەرفەتی رێکەوتنی ناوکی رێژیمی ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهان بەرەو کۆتایی دەچێت، دوورەدیمەنی گەیشتن بە رێکەوتنێکی یەکجاری ناڕوونتر دەبێت.

واشینگتۆن پۆست لە درێژەدا جەختی لە سەر پابەند نەبوونی رێژیمی ئێران بە هەر جۆرە رێکەوتنێک کردووە و نووسیویەتی کە ئەو رێژیمە لەگەڵ دەستپێڕاگەیشتنی بە کەرەستەکانی بەرهەم هێنانی چەکی ناوەکی، هەر جۆرە رێکەوتنێک وەک تەواوی رێکەوتنەکانی‌ دیکەی ئەو رێژیمە لەگەڵ وڵاتە رۆژئاواییەکان، پێشێل دەکات.