کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوالێتیی نان لە ورمێ باش نییە

11:12 - 11 رەشەمه 2720

بەرپرسی گشتیی نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری ئابووری و نێودەوڵەتیی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، باسی لە دۆخی خراپی کوالێتیی نان لە پارێزگای ورمێ کردووە و وتوویەتی کە بەرپرسانی پەیوەندیدار دەبێ هەوڵ بدەن کوالێتیی نان ببەنە سەرەوە تا نانی باش بە دەستی خەڵک بگات.

"حسێن سەیوانی ئەسڵ" بەرپرسی گشتیی نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری ئابووری و نێودەوڵەتیی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، بە ئاماژەدان بە گرینگیی چاوەدێریگەلی بەردەوام لە نانەواخانەکاندا، پشتڕاستی کردەوە کە لە ئێستادا ١٠٠ گرووپی چاوەدێری خەریکی چالاکین کە بە سەرنجدان بە بوونی ٥ هەزار نانەواخانە لە ئاستی پارێزگادا پێویستە ئەو گرووپانەی چاوەدێری زیاتر ببنەوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە بەپێی بەرنامە نوێیەکان، بودجە دواکەوتووەکانی ساڵی ٩٧ و ٩٩ بە زووترین کات دەدرێت.

لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی شورای ئارد و نانی ئەو پارێزگایە لە پەیوەندی لەگەڵ کێشەکانی بواری نان، لەوانە هاتوچۆ، کەمیی ١٠٠ هەزار تۆنیی ئاردی پێویستی پارێزگا لە ئەمساڵدا و کەمبوونی کوالێتیی نان، باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کردووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە کە ئەندامان تا کۆتایی ساڵ، بەرنامە ڕێکاری و عەمەلیاتییەکانی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئارد و نانی پارێزگا ڕابگەیەنن.

جگە لە خراپیی کوالێتیی نان، کەمبوون و گرانبوونی نانیش کۆمەڵێک لەو کێشانەن کە بەرۆکی خەڵکیان گرتووە و وای کردووە کە تەنانەت نانیش بەسەختی بڕواتە سەر سفرەکانی خەڵک.