کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورت کردنی قژی کچێکی قوتابی بۆ پێشگرتن لە هەڵخڕانی باری جنسیی بەرپرسانی قوتابخانە

00:04 - 23 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: جێگری پەروەردەییی قوتابخانەیەکی کچانە، بە هۆی ئەوەی کە جێگری قوتابخانەکە پیاوە و لە بواری جنسیدا هەڵنەخڕێت، قژی کچێکی قوتابی کورت کردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، جێگری پەروەردەییی قوتابخانەی سەرەتایی "گولستان" لە شاری ئابادان، بە هۆی کورت کردنی قژی ئەو قوتابییە، ئەو کچە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت، جێگەی ئاماژەیە ئەو کچە نەخۆشی ئاسمی هەبوو و لە کاتی کورت کردنی زۆرەملێی قژی، تووشی ئاسمی عەسەبی دەبێت.

ئەو کچە کە بە نەرگس ناو براوە، کاتی کورت کردنی قژی، دژکردەوەی دەبێت و ناڕەزایەتی دەردەبڕێ و لە هۆکاری ئەو کردەوە پرسیار دەکات، کە جێگری پەروەردەییی قوتابخانە لە وڵامی کچەکە دەڵێت: جێگری قوتابخانە پیاوە و ئەگەر قژت لە دەرەوە بێت، ئەگەری هەیە لە بواری جنسییەوە هەڵخرێت.

جێگەی ئاماژەیە، کە بنەماڵەی نەرگس دوای ئاگاداربوونیان لەو کارە، سکاڵایان بە دژی قوتابخانەکە تۆمار کردووە.

لە ڕاستای سیاسەتە مەزهەبی و فاشیستییەکانی ڕێژیم، زۆرجار ئەو جۆرە کردەوە نامرۆڤانانە، لە قوتابخانەکانی ئێران ڕوو دەدات، کە بە زۆرملێ قژ و نێنوکی کچەکان کورت دەکەن و بە قسە یان لێدان قوتابییان تووشی توقاندن و دڵڕاوکێ دەکەن، کە دبێتە هۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و خراپی باری دەرونیی قوتابییەکان.