کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆرهەڵاتی کوردستان بەرزترین پلەی بێکاریی لە ئێراندا هەیە

11:30 - 10 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بواری قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە تایبەت بێکاری، لە پلەی یەکەمدان.

وەزارەتی کاری ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، چوار پارێزگای سنه، کرماشان، لوڕستان و کرمان، زیاترین ئاماری بێکاریی دەرچووانی زانکۆکانیان لە ئاستی ئێراندا هەیە.

پارێزگای کرماشان بە ٢٨/٥ لەسەد، سنه ٢٥/٥ لەسەد، کرمان ٢٤/٤ لەسەد و لوڕستان ٢٣/٢ لەسەد، زیاترین نرخی بێکارییان هەیە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی بێکاریی دەرچووانی زانکۆ، سێ بەرابەری ئاستی بێکارانی نەخوێندەوارە.

ئامارەکانی وەزارەتی زانستیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش دەرخەری ئەوەن کە ئاماری بێکاریی دەرچووانی زانکۆ، نزیکەی ١٩ لەسەدە، ئەم ئامارە بۆ ژنان نزیکەی دوو قاتی ڕێژەی بێکارانی پیاو مەزەندە دەکرێت.

لە مانگی خەزڵوەری ساڵی ڕابردووشدا، ماڵپەڕی "ئێقتساد ئانلاین" بڵاوی کردبووەوە کە ٢٠٤ هەزار بێکاری خاوەن پلەی ماستەر و دوکتورا لە ئێراندا هەن.

بەپێی ڕاپۆرتی سەندووقی نێونەتەوەیی دراو کە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بڵاو کرایەوە، پلەی وڵاتی ئێران لە بواری بێکاریدا لە جیهان، لە ماوەی ساڵانی ٩٢ هەتا ٩٥ی هەتاوی، ١٠ پلە دابەزیوە و ئێستا ئەو وڵاتە پلەی ١٩ی بێکاریی لە ئاستی جیهاندا هەیە. 

بەرزبوونەوەی ڕێژەی حەز لە خوێندن، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا.

کێشە ئابوورییەکان، لەخواربوونی ئاستی زانستی زانکۆکان و حەزی بەدەستهێنانی بڕوانامە، لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێکاریی دەرچووانی زانکۆکان لە ئێراندا ڕاگەیەندراوە.