کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی ڕۆژهەڵات؛ کۆرۆنا یەک تریلیۆن و ٨٤٧ میلیارد تمەن زیانی بە کەرتی گەشتیاری گەیاندووە

10:57 - 15 بەفرانبار 2721

بە وتەی وەزارەتی میراتی کولتووریی ڕێژیمی ئێران، داهاتی ساڵانەی ئێران لە کەرتی گەشتیاریدا کە ١١ میلیارد دۆلار بووە، بەهۆی کۆرۆناوە نزیکەی ٥٠ لەسەد کەمی کردووە. ئەم پەتایە بووەتە هۆی چۆڵبوونی ناوچە گەشتیارییەکان، وەستانی چالاکیی دوو هەزار دامەزراوەی گەشتیاری و بێکاربوونی ٦٥ هەزار کارمەندی کەرتەکە.

بەپێی ئاماری میراتی کولتووری، لە دوو ساڵی ڕابردوودا ٣٢ تریلیۆن تمەن زیان بە کەرتی گەشتیاری و شەش تریلیۆن و ٩٠٠ میلیارد تمەنیش زیان بە دامەزراوە گەشتیارییەکان گەیشتووە.

لەم نێوانەدا یەک تریلیۆن و ٨٤٧ میلیارد تمەنی ئەو زیانە بە کەرتی گەشتیاریی کوردستانی ڕۆژهەڵات کەوتووە. بڕی ئەو زیانە لە هەندێک لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات زۆرتر بووە، لەوانەش پارێزگای سنەیە کە خاوەنی زیاتر لە هەزار ناوچەی کولتووری و گەشتیارییە و یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین ڕێژەی گەشتیار ڕووی تێ دەکەن.

"یەعقووب گەوێڵیان" بەڕێوەبەری گشتیی گەشتیاریی سنە ڕایگەیاندووە: "پەتای کۆرۆنا لەنێوان ٦٥ بۆ ٨٠ لەسەد زیانی بە دامەزراوە گەشتیارییەکانی پارێزگای سنە گەیاندووە. نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لەو کەرتەدا کارەکانیان لەدەست داوە و ٧٥٠ میلیارد تمەن زیانمان پێ گەیشتووە".

دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و بڕیاری داخستنی شوێنە گشتییەکان لەلایەن ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای ئێران، ڕێژیم بڕیاری دا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی کەرتی گەشتیاری بکاتەوە؛ بڕی قەرزەکەشی بە پێدانی سێ تریلیۆن تمەن قەرزی بانکی بە خاوەن دامەزراوە گەشتیارییەکان ئەویش بە سوودی ١٢ لەسەد دیاری کرد.

ئەو بڕە هاوکارییەی ڕێژیمی ئێران جێگەی ڕەزامەندیی گەشتیاران نەبوو، چونکە زۆربەی بانکەکان یان مەرجی قورسیان دادەنا یان لە کاتی پێدانی پارەی قەرزەکە، قەرزی پێشوویان لە وەرگری قەرزەکە دەسەندەوە.

بەهۆی سیاسەت و بەڕێوەبەریی هەڵەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کاتی پەتای کۆرۆنایشدا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر، خەڵکانی ئێران زۆرترین زیانی ماڵی و گیانییان بەر کەوت.