کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان جەمسەری ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەکانە!

22:58 - 26 بانەمەڕ 2722

ئاسۆ مێنبەری

لە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕی ئەمساڵەوە، دوابەدوای گرانبوونی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە ئێران و کوردستان کە لە ئاکامی بڕیارێکی ناکارناسانە و سەرەڕۆیانەی بەرپرسانی ڕێژیمەوە هاتە ئاراوە، دۆخی ژیانی خەڵک لە ئێران بە گشتی و پارێزگا پەراوێزخراوەکانی دیکەی ئەم جوگرافیایە کە پێی دەوترێت ئێران، نالەبارتر بووە.

بەرپرسانی ڕێژیم بەخەیاڵی خۆیان بە لابردنی ئەرزی تەرجیحی لە سەر کاڵا بنەڕەتییەکانی ژیان، توانای کڕینی خەڵک بەرز دەکەنەوە و لە ئاکامدا دەتوانن دژ بە هەڵاوسان بوەستنەوە، لەحاڵێکدا کە ئەم بڕیارە نابەرپرسانەیە بووەتە هۆکارێک بۆ ئەستەمتربوونەوەی ژیان و لە ئاکامدا ڕژانە سەر شەقامی خەڵک و دەربڕینی ناڕەزایەتی.

هەرچەند کە گرانی و دابەزینی توانای کڕینی خەڵک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دیاردەیەکی نوێ و جێگای سەرسووڕمان نییە، چونکە هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە و بە تاڵانبردنی دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە لە لایەن ئاخوندەکانی ڕێژیمەوە، وادە و بەڵێنییە درۆیینەکان هەمیشە لە سەرووی هەموو وتە و ئاخاوتنەکانیانەوە بووە و بێگومان ئەوەیکە هیچکات گرینگیی پێ نەدراوە دۆخی ژیانی خەڵک بووە! بەڵام ئەوەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەنیسبەت دۆخی ژیانی خەڵک دەبیندرێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە بڕیار و هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە.

ڕێژیمی ئێران کە هەمیشە دەستێکی باڵای لە درووستکردنی ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا هەبووە و بە بێ گرینگیدان بە دۆخی ژیانی خەڵکانیی نیشتەجێ لە ئێران، سامانی ئەو جوگرافیایە بۆ بەرەوپێشبردنی کار و کردەوە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکە تەرخان دەکات؛ لەلایەکی تریشەوە بە بێ گرینگیدان بە جۆرەکانی گەمارۆ ئابوورییەکان، کە خۆی وەک هۆکاری داڕمانی ئابوورییەکەی پێناسەی دەکات، خەریکی بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ناوکییە و لە پرۆسەی زیندووکردنەوەی بەرجامیشدا هەرجارەو بیانوویەکی تازە دەدۆزێتەوە و تەنیا خاڵێک کە هیچکات گرینگیی پێ نەداوە و گرینگیشی پێ نادات چۆنیەتیی ژیانی خەڵکە!

هەر لەم ڕاستایەشدایە کە خەڵکانی ئێران چیدیکە ئامادە نین ئەم ستەمە گەورەیە قەبووڵ بکەن و بە بیانووگەلی جۆراوجۆری وەک گرانبوونی نرخی بێنزین ، نەبوونی ئاو و وشکەساڵی، گرانکردنی کرێی تاکسی و لەم دواییانەشدا گرانکردنی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان و لەوانەش نان، وەکوو سەرەکیترین پێداویستیی سەر سفرەکەیان، هاتوونەتە سەر شەقام و داوای مافەکانیان دەکەن.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شەپۆلێکی بەرین لە ناڕەزایەتییەکان بە گرانکردنی نرخی شتومەک لە ئێراندا هاتە ئاراوە، پێشوەختە بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای خووزستان دەستیان دایە سەرکوتی خەڵک و لەم پێناوەشدا یەکەمین هەنگاو، پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵ و زانیارییەکان بوو تاکوو بە خەیاڵی خۆی جارێکی دیکە کوشتارەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دووپات بکاتەوە!

ئەم کەتوارە لای هەموومان پڕ ئاشکرایە کە ڕێژیم هەمیشە بە چاوێکی دیکەوە لە کوردستان و پارێزگاکانی کوردستان دەڕوانێ، هەر بۆیە ئەمجارەش دۆخەکە لە کوردستان جیاوازترە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە هاتنە سەر شەقامی خەڵک، هێزەکانی ڕێژیمیش وەخۆ کەوتن تاکوو وەک ماهییەتی هەمیشەیی خۆیان سەرکوتیان بکەن و دەنگەکە هەر لە دەسپێکەوە، بخنکێنن، بەڵام بەربڵاوبوونی ناڕەزایەتییەکان لە بواری جوگرافیاییەوە وای کرد کە ئەم پیلانە سەرنەگرێت، بەڵام ئەوەی کە خاڵی جێگای سەرنجە، وەک هەمیشە ترسە لە کوردستان و سەرهەڵدان لەم هەرێمە!

ڕێژیم بۆ ئەوەی کە بتوانێ پێش بە ئەگەرەکان بگرێ، ماوەی چەند ڕۆژێکە کە دەستی داوەتە مێلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان! هێزەکانی خۆی لەم شارانەدا بڵاوە پێ کردوون و حکوومەت نیزامییەکی ڕێک خستووە تاکوو بە خەیاڵی خۆی خەڵکی کوردستان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بکات و دەنگی مافخوازییان کپ بکات، ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧ەوە هەتاکوو ئێستا کوردستان بووەتە مەیدانی ڕمبازێنی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم و ئەو ئامانجەی کە هیچکات پێی نەگەیشتووە و بێگومان قەتیش پێێ ناگات، ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی کوردستانە!

خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانیان نرخی زۆر قورس و گرانیان داوە، هەر بۆیە هاتنە مەیدان و داواکردنی مافیان هەمیشە وەکوو ئەرکی سەرەکیی خۆیان بینیوە و هیچکاتیش هیچ هێزێکی پۆشتە و پەرداخی ڕێژیم نەیتوانیوە بەرەنگاری هێز و خواستە ڕەواکانیان ببێتەوە.

ئەوەیکە ڕێژیم بەم شێوازە دەستی بە مێلیتاریزەکردنی کوردستان کردووە، سەلمێنەری کەتوارێکی گرینگە: ئەو باش دەزانێ کە کوردستان لێوڕێژە لە پۆتانسیێلی ئاڵوگۆڕ، جەمسەرێکی گرینگ و ستراتێژیکە بۆ درووستکردنی گۆڕان و تەنانەت ڕووخانی ئەو ڕێژیمەش، هەر بۆیە بە مانۆڕدان و نواندنی هێز و گواستنەوەی چەکوچۆڵ دەخوازێ کوردستان بە چۆکدا بێنێ و سەرچاوە و هێزی سەرەکی بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ئێراندا تووشی شکست و داڕمان بکات، بێ ئاگا لەوەی کە کوردستان هەمیشە بەپێوەیە و ئەوەی کە لە کۆتاییدا سەردەکەوێ، هێزی لە بڕاننەهاتووی خەڵکە!