کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان سمبۆلی ئاشتی و پێکەوەژیانە

11:39 - 14 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ یارمەتیدان بە خەڵکی لێقەوماوی شار و گوندە لافاولێدراوەکان، کەمپەینێکیان دامەزراندووە و به یارمەتی خەڵکەوە دەچن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوای هاتنی لافاو و بەردەوامیی لافاوەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە شارەکانی کوردستان یارمەتییان بۆ خەڵکی لێقەوماو کۆ کردووەتەوە.

کەمپەینەکان یارمەتی بۆ ناوچەکانی زاگرۆس کۆ دەکەنەوە و بەم شێوەیە خۆیان بەشداریی دەرد و ئازارەکانیان دەبن.

به هۆی ئەوەی کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، لە کاتی قەیرانەکاندا تەنیا به شێوەی پەیام و نووسراوە هاودەردیی لەگەڵ خەڵک دەردبڕن و هیچ هەنگاوێکی کردەیی ئەنجام هەڵناگرن، خەڵک بۆ خۆیان یارمەتی کۆ دەکەنەوە، کە زۆر جاریش لە لایەن ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت.

 لەو پێوەندییەدا، ئیدارەی هیلال ئەحمەری ڕێژیم، لە شارەکانی کوردستان بە هەڕەشەکردن لە بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە ڕایانگەیاندووە، دەبێت یارمەتییە کۆکراوەکان ڕادەستی هێلال ئەحمەر بکەن.

هاوکات سەرۆکی دادگاکانی ڕێژیم  بەتایبەتی لە کرماشان، هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە، کە هەر کەسێک بە شێوەی خۆڕسک یارمەتی کۆ بکاتەوە و لەژێر چاوەدێریی هیلال ئەحمەر نەبێت، لەگەڵ سزا بەرەڕوو دەبێتەوە.

لە ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خاکەلێوەوە، لافاو زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستانی گرتووەتەوە، کە هەتا ئێستا چەندین شار و گوند لە کوردستان و ئێران وێران بوونە و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا بینەرانی ئەو قەیرانەن.