کوردستان میدیا

دووشەممه 24ی جۆزەردان 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان سڵامەت بێت

17:48 - 16 جۆزەردان 2721

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی  ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، تەرمی کاک "عیرفان ساعدپەنا" ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری "سنه" لەنێو ئاپۆرای خەڵكدا بە خاک ئەسپێردرا.

لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر لە خەڵکی شاری سنه تەرمی کاک "عیرفان ساعدپەنا" بە ئاڵای کوردستانەوە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردا.

بەشداربووان لەکاتی بە خاکسپاردنی تەرمی ناوبراو سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیبـ"ـیان وتەوە.

دواتر یەکێک لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە چەند وتەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی خوالێخۆشبوو پێشکەش بە بەشداران کرد.

"عیرفان ساعدپەنا" کوڕی "سانیە" و"مەولوود" خەڵکی شاری "سنە" تەمەن ٣٥ سال، ئەندامی چالاکی نهێنیی حیزب لە نێوخۆ، مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی مەدەنی، بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێن گیانی لەدەست دا.

ناوبراو بڕوانامەی کارناسیی باڵای زانستی سیاسی هەبووە.

کاک "عیرفان" لە سالی ٩٠ـەوە پەیوەندیی بە حیزبەوە گرت و وەک ئەندامێکی چالاک تێکۆشانی خۆی لە ڕێکخستنەکانی حیزب دەست پێکردبوو.

ناوبراو چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە توندترین شێوە کەوتە بەر ئازار و ئەشکەنجە.

"ساعدپەنا" یەکێک لە دامەزرێنەرانی "دامەزراوەی زاگرۆس" بوو و چەند ساڵ بەرپرسی ئەو ڕێکخراوە مەدەنییە بوو.