کوردستان میدیا: دەسبەسەرکردن و مانەوەی "زارا محەمەدی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا، کاردانەوەی کوردستانییانی لێکەوتەوە.
ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و خوازیاری ئازادیی خێرای "زارا محەمەدی" بوون.
ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لەم کۆبوونەوەیەدا خوازیاری ئازادیی خێرا و بێمەرجی "زارا محەمەدی"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە بوون.
هەر لەم پەیوەندییەدا، شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان، سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی "زارا محەمەدی"، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.
ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان، سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و خوازیاری ئازادیی بێ مەرجی ئەم چالاکە مەدنییەن.
هەروەها خەڵک و چالاکانی مەدەنیی کوردستان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پشتیوانیی خۆیان لە "زارا محەمەدی" ڕاگەیاندووە و خوازیاری ئازادیی ئەم چالاکە مەدەنی و فەرهەنگییەن.
ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و "زارا محەمەدی"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، ئەم سێ چالاکە مەدەنییە کوردە، بێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.