کوردستان میدیا: چالاکییە تەبلیغییەکان بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە، لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بەردەوامن و ڕێز لە گیانفیدایی پێشمەرگەی کوردستان دەگرن.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری شنۆ، بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە لە گەڕەکەکانی "ئەمیرئاباد، مام تەمر، شاکرئابادی خواروو و سەروو، سەیداوێ، مەجیدئاباد، ڕەحیمئاباد، قهبری شههیدان و دهبیرستانی شهرهف" تراکت و پوستێری تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەیان بڵاو کردەوە.
لە شاری مەهاباد، لە مەیدانی "مەلا جامی، پێش دەرگای زانکۆی ئازادی مەهاباد، گەڕەکی تەپەی هوما، گەڕەکی سارمبەگ و گەڕەکی زەمینەکانی شارەداری" کار و چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە چووە و بە نووسینی دروشم، بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێر و هەروەها هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ڕێزیان لە ڕۆژی پێشمەرگە گرت.
هاوکات پێشمەرگەکانی شار لە بۆکان بۆ چەندەمین جار لە ڕێکەوتی ۲٠ی سەرماوەز بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغی لەناو شار و گوندەکانی دەوروبەر وەک "جاددەی بۆکان هەتا قەرەموساڵی و ئاواییەکانی گۆکتەپە، ئەرمەنیبڵاغی، ڕەحیم خان، سەراو، کانیکوزەڵە و و قانزالی" ئامادەیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی هەر جۆرە چالاکی و بەربەرەکانێیەک دەربڕی؛ هەروەها سەرەڕای هەبوونی پاسگا و پایەگای بەسیجی ڕێژیم چالاکی بەرینیان لە ناو شارۆچکەی قەرەموسالی بەڕێوە برد و بەڵێنی وەفاداریان بۆ شاخ نارد.