کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی دێموکرات، به بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بەردەوامن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستان، بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ و مەحکوومکردنی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران، بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.
ڕۆڵەکانی دێموکرات لە گوندی "نێـ"ـی قارەمان، بۆ ماوەی ٢٥ خولەکێک لە بڵیندگۆی مزگەوتی گوندی نێ، دەنگی شەهید دوکتور قاسملوو و سروودی شۆڕشگێڕییان بڵاو کردووەتەوە، کە ببووە هۆی خۆشحاڵی خەڵک.
هاوکات قارەمانانی دێموکرات لە شاری سنە لە پارکی ئەمیرییە و لە شاری شنۆ لە گوندی شاوانێ، وێنە و تراکتی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕیان بڵاو کردووەتەوە.