کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری پیرانشار چالاکی تەبلیغییان بۆ پشتیوانیی لە حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە بەڕێوە برد.
رۆژی سێشەممە، ٦ی ڕەشەمە، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی پشتیوانیکردن لە حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە و ڕاسان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی حیزب و شەهیدان نوێ کردەوە.
لەو تراکت و پۆستێرانەدا دروشمگەلێک وەک: "شەهید دوکتور قاسملوو، لە دڵی میللەتدا زیندووە"، "مەرگ و نەمان بۆ جاش و خۆفرۆش"، "سڵاو لە حیزبی دێموکرات"، "ڕاسان درێژەی هەیە"، "مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی"، "باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی ڕێگایانە" و دروشمگەلێکی دیکە، نووسرابوو.
هەر لەو پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێشتر، چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزب لە گوندی "بێرانە"ی سەر بە سەردەشت، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان، بۆ پشتگیریی لە خەباتی پێشمەرگە و ڕاسان بەڕێوە برد. چالاکییەکان بە شێوەی نووسینی "دروشم"، بەسەر دیوار و شوێنە گشتییەکانەوە بوو.