کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورەی باشوور ٩ میلیارد دۆلار پارەی ئێرانی بلوکە کرد

13:17 - 30 پووشپەڕ 2720

لە درێژەی ڕەوتی بلوکەکردنی پارەی ئێران لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە ئەمجارە کورەی باشوور ٩ میلیارد دۆلار پارەی ڕێژیمی ئێرانی بلوکە کرد.

کورەی باشوور لە ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار پارەی ئێرانی بلوکە کردووە و لە نوێترین هەوڵی ئەو وڵاتەدا ئەمجارە ٩ میلیارد دۆلار پارەی ئێرانی بلوکە کرد.

لە دوای گەمارۆوە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، زۆربەی وڵاتانی جیهان پێبەندبوونی خۆیان بەو گەمارۆوانە دەربڕیوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا کورەی باشوور لە سەرەتای گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، چەند میلیارد دۆلار پارەی ئێرانی بلوکە کردووە.

پێشتر کورەی باشوور بە هۆکاری گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران و تێپەڕبوونی قۆناغی دووەمی ئەو گەمارۆیانەش، بڕی ٨ میلیارد دۆلار لە دارایی و داهاتی ئەو ڕێژیمەی لەو وڵاتە ڕاگرتبوو.

لە ساڵی ١٣٩٠ هەتاویدا و لە سەرەتای قۆناغی یەکەمی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، زیاتر لە چوار میلیارد دۆلاری ئەو ڕێژیمەی لەو وڵاتەی بلوکە کردبوو.

لە پێش گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، کورەی باشوور پێویستییەکی زۆری بە بەرهەمە گازییەکانی ئێران بووە، بەڵام لە دوای گەمارۆکان ئەو وڵاتە ئەو پێویستییەی خۆی لە ڕێگەی وڵاتانی قەتەر و ئوسترالیا وەدەست هێناوە.

 هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا کورەی باشوور هیچ کات پارەی نەختی لە بەرامبەر نەوت و گازی ئێران نەداوە، بەڵکوو کەلوپەل و شتومەکی ناردووە بۆ ئەو وڵاتە و لە ئێستادا ئەو وڵاتە بە دەیان میلیاردی ئێرانی بلوکە کردووە.

ڕێژیمی ئێران و کورەی باشوور لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پەیوەندییەکی بازرگانی و ئابووریی بەهێزیان پێکەوە هەبووە و کورەی باشوور بە یەکێک لە کڕیارانی سەرەکیی نەوتی ڕێژیم دێتە ئەژمار، بەم هۆکارەشەوە پێوەندییەکی دۆستانەی زۆر نزیکیان پێکەوە هەبووە، بەڵام پاش گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئامریکاوە، کورەی باشوور ناچار بوو کە گوێڕایەڵ و پێبەندی یاسای گەمارۆکان بێت و واز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئیران بهێنێت.