کوردستان میدیا: ئامریکا بە هۆی ئەوەی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، لە لایەن کومپانیای (ZTE) چین، لەبەرچاو نەگیراوە و پێشێل کراون، سزای بۆ ئەو کومپانیایە دەرکرد.
وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە، کە کومپانیای "زد. تی. ئیـ"ـی چین، بە هۆی پێشێلکردنی یاسای گەمارۆوەکان و فرۆشتنی کەرەستەی پێشکەوتوو بە کورەی باکوور و ڕێژیمی ئێران، لە لایەن ئامریکاوە بە دانی یەک میلیارد و چوارسەد میلیون دۆلار، سزا دراوە.
ویلبر ڕاس، وەزیری بازرگانیی ئامریکا لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: "ئەو سزا قورسەی کە بەسەر کومپانیای ZTEی چین سەپێندراوە، دەبێتە هۆی ئەوەی، هەتا کومپانیاکانی دیکە بیر لە پێشێلکردن و دەوردانەوەی گەمارۆوەکان نەکەنەوە".
پاش ئەوەی دانڵد ترامپ ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ یەکلایەنە لە بەرجام کشایەوە، بڕیاری سەرلەنوێ وەگەڕخستنەوەی گەمارۆوەکانی بۆ سەر ڕێژیمی تارانی واژۆ کرد و وەزارەتی خەزێنەداریی وڵاتەکەی لەو بوارە ئەرکدار کرد کە جێبەجێیان بکات.