کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کومپانیا بازرگانییەکان دەبێت لە نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران یەکیان هەڵبژێرن

11:56 - 18 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پاش ئەوەی کە ئامریکا لە بەرجام هاتە دەرەوە، کومپانیا نێونەتەوەیییە بازرگانییەکان دوو ڕێگایان لە بەردەمە، یان دەبێت بازرگانیی لەگەڵ ئامریکا درێژە پێ بدەن، یان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.

بەپێی هەواڵدەریی فەڕانسە، نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی ١٧ی جۆزەردان، لە دامەزراوەی "پاڵسی ئێکسچێنچ" لە لەندەن، باسی لەوە کردووە: بە هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و گەڕانەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، تەمەنی ئەم ڕێککەوتننامەیە بە هۆی کێش و قورسایی ئابووریی ئامریکا  خەریکە کۆتایی پێ دێت.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، هەڕەشەکانی ئامریکا لەمەڕ خستنە گەڕی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ئەو کومپانیانەی کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکەن، کاریگەریی هەبووە و ئەم کومپانیانە خەریکن لە ئێران دەکشێنەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕوو لەو کومپانیانە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کاری بازرگانیی و ئابووری دەکەن، وتی: ئەو کومپانیانەی کە یان ئورووپایین، یان ئاسیایی و یان هەر کومپانیایەکی دیکە، دەبێت لە کارە بازرگانییەکانیان یان ئامریکا هەڵببژێرن یان ڕێژیمی ئێران. دەبێت لە نێوان ئابووریی وڵاتێک کە تەنیا بە قەد ٣ لەسەدی ئابووریی ئامریکایە، یان ئابوورییەک کە ٢١ ترێلیۆن بەرهەمی ناپەتیی نێوخۆیی هەیە، یەکیان هەڵبژێرن.