کونفڕانسی کۆمیتەی "سلێمانی" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بەڕێوە چوو.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی سلێمانی سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین، بە ئامادەبوونی "لوقمان مێهفەر" ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی، "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستن، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و "ئیسماعیل ڕەحمانی" بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە سلێمانی و بەشداریی زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی سلێمانی بەڕێوە چوو.
کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دوای وەرگرتنی دەنگی مەشرووعییەتی کونفڕانس لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەوە، باسێکی سیاسیی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان لەلایەن "لوقمان مێهفەر" ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسییەوە پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس کرا.
ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە فەلسەفەی بوونی ڕێژیمی ئێران و مێژووی هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمە و ئاڵۆزکردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چارەنووسی ئەم ناوچەیە بەهۆی فرەنەتەوەبوونی و بەتایبەت نەتەوەی کورد کە خەباتێکی بێوچان و پڕ لە هەوراز و نشیوی تێپەڕاندووە، کرد.
"مێهفەر" لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە و هەستیاربوونی دۆخەکە کرد و بەوردی هەڵسەنگاندنی دۆخەکەی کرد و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی لەو پێوەندییەدا شی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دەبێ بەهێزتر و شوێندانەرتر بین.
بڕگەی دیکەی کاری کۆنفڕانس تەرخان کرا بە ڕاپۆرتی کۆمیتەی پێشوو کە لەلایەن "ڕەزا مورادی" بەرپرسی پێشووی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.
دوای تێبینی و ڕەخنە و پێشنیاری بەشدارانی کۆنفڕانس، هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێی کۆمیتە لە کەشێکی ئازاد و دێموکراتیکدا بەڕێوە چوو و بەرپرس و بەڕێوەبەری نوێی کۆمیتە هەڵبژێردران.