کوردستان میدیا

چوارشەممه 22ی خەزەڵوەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوڕێک لەژێر ناوی "سەربەخۆیی ئەدەبی و ناسنامەی نەتەوەیی" بەڕێوەچوو

10:58 - 16 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: یەکێتیی نووسەرانی کورد، لقی هەولێر، کۆڕێکی لەژێر ناوی "سەربەخۆیی ئەدەبی و ناسنامەی نەتەوەیی"، بۆ دوکتور "هاشم ئەحمەدزادە" بەڕێوەبرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر، لە یانەی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە شاری هەولێردا، کۆڕێک بۆ دوکتور "هاشم ئەحمەدزادە"، نووسەر و وەرگێڕی کورد، بەڕێوەچوو.

لەم کۆڕەدا، دوکتور "هاشم ئەحمەدزادە" وتارێکی لەسەر "سەربەخۆیی ئەدەبی و ناسنامەی نەتەوەیی" پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

ناوبراو بە هێنانەوەی وڵاتی ئامریکا وەک نموونە و ڕۆڵی ئەدەبیات لە پرۆسەی نەتەوەسازی لەو وڵاتەدا، باسی لە گرینگیی ئەدەبیات لەو بوارەدا کرد.

بە ئاماژەدان بەم وتەیە: "بوون بە کەسێکی دیکە ئەستەمە، ئەستەمە کە جەستەکان لەگەڵ جەستەیەکی دیکەدا ئاڵوگۆڕ بکرێن، هەروەها ئەستەمیشە کە ورد و تەواو لە ئاڵۆزیی جیهانی ئەوان تێبگەین، بەڵام ئەدەب وەک بەدیلێک نزیکترین ڕێگەیە کە جیهان بۆ تێگەیشتن لە کەسێکی دیکە هەیەتی"، گرێدراویی ئەدەبیات و ناسنامەی نەتەوەیی نەتەوەیەک باسی لێوە کرا.

لە ناوئاخنی وتاری دوکتور "هاشم ئەحمەدزادە"دا، باس لە گرینگیی ئەدەبیات لە پرۆسەی نەتەوەسازیی کورددا کرا و باس لەوەی کرا کە ئەدەبیاتی کورد بەو جۆرەی کە پێویستە، ڕۆڵی خۆی نەگێڕاوە و دەبێ گرینگییەکی زۆرتر بەم باسە بدرێت.

کۆڕەکە بە ڕا و سەرنجی بەشداربووان و وڵامدانەوەی دوکتور "هاشم" کۆتایی پێهات.