کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی تێرۆریست "قاسم سلێمانی" خزمەتی بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد

12:38 - 28 گەلاوێژ 2720

"دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ئامریکا باسی لە دەسکەوتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە و وتوویەتی، کوژرانی تێرۆریست "قاسم سلێمانی" خزمەتی بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد.

لە دوای ڕێککەوتنی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران بەتوندی هەڕەشەی لەو وڵاتە کرد، بەڵام ئامریکا و چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکە ئەو ڕێککەوتنەیان بە هەنگاوێکی باش وەسف کرد.

"ترامپ" وتوویەتی، بە کوژرانی "قاسم سلێمانی و ئەلبەغدادی" ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێی نایە قۆناغێکی دیکە و ئێستا  ئەو ناوچەیە بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێت.

لە دوای ڕێککەوتنی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل کاردانەوەی وڵاتانی لە ئاستی جیهان و ناوچەدا لێکەوتەوە.

ڕێژیمی ئێران بە فەرمی هەڕەشەی لە ئیمارات کرد و ئەو ڕێککەوتنەی بە خیانەت وەسف کرد.

بەحرەین و عەمان پیشوازییان لە ڕێککەوتنی ئاشتییانەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل کردووە، بەڵام بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل هیچ بۆچوونێکیان نەبووە.

"عەبدوڵڵا بێن زاید ئال نهیان" وەزیری دەرەوەی ئیمارات بەنیسبەت هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و مەحکوومکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل، وڵامێکی توندی بە "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد.

لە دوای ئەو ڕێککەوتننامەیە ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران و وەزیری دەرەوەی ڕێژیم چەند جارێک هەڕەشەی توندیان لە ئیمارات کردووە و بەتوندی مەحکوومیان کردووە.