کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی لانیکەم ١٤ هاووڵاتیی کورد لە رووداوەکانی هاتووچۆ لە حەوتووی یەکەمی ساڵی ٩٣

22:03 - 7 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: لە حەوتووی یەکەمی ١٣٩٣ی هەتاویدا زیاتر لە ٨ حاڵەت رووداوی هاتوچۆ لە کوردستان رووی داوە کە نزیک بە ٢٠ هاووڵاتیی کورد کوژراون و بریندار بوون.
ماشین و رێگای ناستاندارد بە پێوەری نێودەوڵەتی لە کوردستان بەردەوام قوربانی لێ دەکەوێتەوە و بە سەرنجدان بە ترافیک لە رێگاوبانەکانی کوردستان قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچو لە کوردستان لەم حەوتوویەدا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە ماوەی یەکەم حەوتووی ١٣٩٣ی هەتاوی سێ هاووڵاتیی کورد بە هۆی وەرگەڕانی ئوتۆمبێلی جۆری سەمەند لە ٢٠ کیلۆمتری دێهلۆران کوژران.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ماشینێک لە جۆری سەمەند لە رێگای موورمووری ــ دێهلۆران پاش وەرگەڕانی، باکی بەنزینی ئەو ماشێنە تەقیوەتەوە و سێ کەس کوژراون.
لەو پێوەندییەدا شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی ماشێنێکی سواریی پێژۆ ٤٠٥ لە جاددەی سەردەشت ــ پیرانشار لە رووباری گڕژاڵ کەوتووە و یەکێک لە دوو سەرنشینەکانی ئەو ماشینە دەرباز بوون، بەڵام شۆفیری ماشینەکە بێ سەرو شوێنە و دەوترێ کە گیانی لە دەست داوە.
دانیشتوانی ناوچەکانی سەردەشت و پیرانشار هۆکاری رووداوەکانی هاتوچۆ بۆ ناستانداردی ماشین و جاددەکان دەگەڕێننەوە.
هەروەها رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٩ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بە هۆی رووداوی هاتوچۆ لە مەیدانی ئازادیی شارستانی پیرانشار سەرنشینی ماشینی تۆیۆتا گیانی لە دەست دا.
لەو پێوەندییەدا بەرپرسی پۆلیسی فەرماندەی ئینتزامیی ئورمیە رێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی رایگەیاندبوو کە رێکەوتی ٢٥ی رەشەمە لە ماوەی ٨ رۆژدا، ٤ کەس بە هۆی رووداوەکانی هاتوچۆ لە جاددەکانی ئەو پارێزگایە گیانیان لە دەست داوە.
هەروەها رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢٢ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە پێکدادانی کامێونێکی بارهەڵگر لەگەڵ ماشینێکی جۆری پیژۆ ٢٠٦ لە نزیکی سێ‌ڕێیانی نێی سەربە ناوچەی مەریوان، سێ هاووڵاتیی کورد پاش راگواستن بۆ نەخۆشخانە گیانیان لە دەست دا.
بەرپرسی پۆلیسی فەرماندەی ئینتزامیی پارێزگای سنە رێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی رایگەیاند کەلە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لە جاددەکانی ئەو پارێزگایە ١٢ حاڵەت رووداوی هاتوچۆ رووی داوە.
لە رووداوێکی دیکەی هاتوچۆ کە رێگای بانە – سەقزدا رووی دا، هاووڵاتییەکی دیکە گیانی لە دەست دا.
هەرەها لە جاددەی سنە ــ هەمەدان بەهۆی وەرگەڕانی ماشینیکی جۆری پڕاید هاووڵاتییەک گیانی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتەکان لە سەقز، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ رووداوێکی هاتوچۆ لە جاددەی سەرکیی سەقز ــ دیواندەرە رووی داوە کە لادان بۆ لای چەپی پڕاید بۆتە هۆی رووداوەکە و سێ هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە و ٢ کەسی دیکەش بەتوندی بریندار بوون.
هەروەها لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ کەلە مەسیری میراوی – جوانڕۆ رووی داوە بەهۆی پێکدادانی تۆیۆتا لەگەل مۆتۆرسوارێک یەکێک لە سەرنشینەکانی ئەو مۆتۆرسوارە گیانی لە دەست داوە و یەکێکی دیکەشیان بە هۆی زەربەی مێشک چۆتە ناو کۆما.
کارناسانی رێگاوبان لەو باوەڕەدان کە روودانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە جاددەکانی پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران بۆ ناستانداردیی جاددە و ماشینەکان لە وڵاتی ئێران دەگەڕێتەتوە.