کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچە وەرزشوانێکی کورد، سەرکەوتنێکی جیهانیی بەدەست هێنا

11:28 - 14 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: کچە وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی شاری کرماشان، سەرکەوتنێکی جیهانیی بەدەست هێنا و لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە پەراوێز خراوە.

وەرزشوانێکی کورد، بە ناوی "نێدا ژووبین"، خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو تەنیا نوێنەری وەرزشی کچانی وڵاتی ئێران لە کێبڕکێیە جیهانییەکانی وەرزشە ڕەزمییەکاندا، کە لە وڵاتی ئازەربایجاندا بەڕێوە چوو، پلەی یەکەمی بە ناوی خۆیەوە تۆمار کرد و میداڵی زێڕی ئەو کێبڕکێیانەی بەدەست هێنا.

کێبڕکێیە جیهانییەکانی وەرزشە ڕەزمییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بە بەشداریی چەندین وەرزشکار لە چەندین وڵاتی جیهان لە شاری "باکوو"، پێتەختی وڵاتی کۆماری ئازەربایجان، بەڕیوە چوو.

"نێدا ژووبین"، جیا لەوەی کە چەندین سەرکەوتنی تری لە ئاستی  ئاسیا، ئێران و پارێزگای کرماشاندا هەیە، سەرکەوتنێکی جیهانیشی بە ناوی خۆیەوە تۆمار کرد.

لە کاتی گەڕانەوەی ئەو کچە وەرزشوانە کوردەدا، جیا لە بنەماڵەکەی، هیچ بەرپرس و ناوەندێکی پەیوەندیداری وەرزشی، نەچوونەتە پیرییەوە.

لەم بارەیەوە، بنەماڵەی ئەو وەرزشوانە کوردە، ئەو ڕەخنەیە ئاراستەی سەرجەم بەرپرسان و ناوەندە وەرزشییەکان دەکەنەوە کە لە پاش سەرکەوتنەکانی "نێدا" لە هەردوو کێبڕکێیەکاندا، چ پێشتر لە ئاستی ئاسیایی و چ ئێستاش لە ئاستی جیهانیدا، وەکوو نوێنەری وڵاتی ئێران، جگە لە بنەماڵەکەی، هیچکەس بە پیرییەوە نەهاتووە و وەکوو وەرزشوانەکانی تر، پێشوازیی لێ نەکراوە.