کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کڕینی نەوت لە ڕێژیمی ئێران قەدەغە دەکرێت

13:19 - 6 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە، نابێت نەوت لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بکڕن.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە، ئامریکا هەڕەشەی لە کڕیارانی نەوتی ڕێژیمی ئێران کردووە و ڕێکەوتێکی بۆ کۆتاییهێنان بە کڕینی نەوت له ڕێژیمی ئێرانی دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە، کە هەر وڵاتێک نەوتی ڕێژیمی ئێران بکڕێت، ڕووبەڕووی سزای ئامریکا دەبێتەوە. 

بەپێی قسەکانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، هیچ وڵاتێک جیاوازی بۆ دانانرێت و نابێ هیچ وڵات و لایەنێک لە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەولاوە نەوت لە ڕێژیمی ئێران بکڕێت.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا باسی لەوە کردووە، گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی ئامریکایە.

لەو بڕیارەی ئامریکادا داوا لە وڵاتانی چین و هێندوستان کراوە، کە ڕێژەی کڕینی نەوتی خۆیان لە ئێران کەم بکەنەوە.

دانڵد ترامپ ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ چوار ڕۆژ پێش وادەکەی لە ڕێککەوتنی ناوکیی (بەرجام) کشایەوە و سەرەڕای کشانەوەی لەو ڕێککەوتننامەیە، گەمارۆوە ئابوورییەکانیشی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاد کرد و بڕیاریشی دا پیشەی نەوت و هەناردەکردنیشی بخاتە نێو گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە.

 جیا لە کەرتی ئابووری، گەمارۆوەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کەسایەتییە سەربازی، ئەمنیەتییەکان و بەتایبەت ئەو کەس و کۆمپانیایانەی ئێران و سوپای پاسدارانیش دەگرێتەوە، کە هاوکاریی گرووپەکانی حیزبوڵڵا و حەماس دەکەن.

داهاتی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لە نەوت دابین دەکرێت و ئابووریی ئەو وڵاتە پشتی بە نەوت بەستووە، بەڵام لە دوای پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکان دژی ئەو ڕێژیمە ئێستە ئابوورییەکەی بەرەو داڕمان دەڕوات.