کوردستان میدیا: لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ناوەندی ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات کۆبوونەوەیەکی سیاسی ـ تەشکیلاتی لە شاری هەولێر، بۆ بەرپرسی ناوەندی سیاسی و جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، دەزگای ڕێكخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات، كۆبوونەوەیەكی سیاسی ـ تەشكیلاتی لە شاری هەولێر و دەوروبەری، بۆ بەڕێز "حەسەن شەرەفی" بەرپرسی ناوەندی سیاسی و جێگری لێپرسراوی گشتیی حیزب بەڕێوە برد.
سەرەتای كۆبوونەوەكە بە خولەكێك بێدەنگیی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی پێ كرد، دواتر "حەسەن شەرەفی" باسێكی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی قەیراناوی و ئاڵۆزی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەیی و هەرێمی و نێوخۆیی، گەشەسەندنی خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ئێران و کوردستان بەتایبەتی، هاوخەباتی و هاوهەڵوێستی هێزە كوردستانییەكان، حیزبی دێموكرات و سیاسەت و ستراتیژی لە هەمبەر ئاڵۆگۆرە هەنوكەییەكاندا، ڕاسان و هەبوونی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات، ناوەندی هاوكاریی هێزە كوردستانییەكان و یەكگرتوویی و هاوخەباتی خەڵكی خۆرهەڵات لە هەمبەر سیاسەتی دوژمنكارانەی ڕێژیم و ئەركی ئەندامانی حیزب لەو پێوەندییەدا، باسێكی تێر و تەسەلی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
حەسەن شەرەفی لە قسەکانیدا جەختی لەسەر یەکگرتووییی زیاتری هێزە سیاسییەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد، هەتا باشتر بتوانن لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێران بوەستنەوە و وتی: پێكهێنانی ناوەندی هێزە كوردییەكانی خۆرهەڵات كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان هەبووە و بەتایبەتی بەدەنگەوەهاتنی خەڵك لە بانگەوازی هێزە كوردییەكان لە مانگرتنی ٢١ی خەرمانان دەرخەری ئەو ڕاستییە و بەرهەمی یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بوو.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، کە لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانین لەگەڵ ئەو هێزە ئێرانییانەی باوەڕیان بە دێموکراسی هەیە و حیزبی دێموکرات حیزبێکی خاوەن پێگەیە و هیچ لایەنێک ناتوانێت لە بەرچاوی نەگرێت وتی: هەر ئەوەی كە بەرچاوین بە هەمان ڕادەش كەوتووینە بەر ڕقی كۆماری ئیسلامی. ئەوەی كە ڕێژیم بە مووشەك لێمان دەدات، نیشانەی گەورەی حیزبی دێموكرات و ترسی ڕێژیم لە خەبات و تێكۆشانمانە. ئێمە ڕاسانمان دەست پێ كرد و بە ڕاستی ڕاسان ڕێژیمی تاساند. هەڕەشە و جنایەتەكانی ڕێژیم هەنگاوەكانمان لە خەبات شل ناكاتەوە. ئێمە لە هەموو شێوەكانی خەباتی سەردەم بە دژی ڕێژیم كەڵك وەردەگرین. ئێمە برینی قورس هەڵدەگرین، بەڵام هەرگیز بە چۆكدا نایەن.
بەرێز شەرەفی هەروەها وتی: خەباتی گەورە و داخوازیی حەقیقی و ڕەوا نرخ و فیداكاری گەورەشی دەوێت. پێویستە بە ئیرادەیەكی بەرزی شۆڕشگێڕانەوە و بە كەڵكوەرگرتن لە هەموو ڕەهەندەكانی خەبات لە پێناو دەستەبەربوونی مافە ڕەواكانی نەتەوەكەمان تێبكۆشین. گەر ئیرادە هەبوو دەتوانین بە كەمترین ئیمكانات كاری گەورە بكەین.