کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی تەشکیلاتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات

14:34 - 31 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: تێکڕای نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی، ئەندامانی رێبەری و کۆمیتەکانی حیزب لە دەرەوەی لەگەڵ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب کۆبوونەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆبوونەوەی دوو رۆژەی نوێنەرانی سەرجەم کۆمیتەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات و نوێنەرانی رێکخراوەکانی سەربە حیزب و  رێبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات، رۆژانی  پێنجشەممە و هەینی رێکەوتی٢٥ و ٢٦ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بەشداریی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب بەڕێوەچوو.

کۆبونەوەی تەشکیلاتیی حیزب بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان چەند وتەیەک لەلایەن \'\'حەسەن شێوەسەڵی\'\' ئەندامی ئیفتیخاریی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشکەش کران.

دواتر پانێلی یەکەمی بەرنامە لەلایەن بەشی تەشکیلاتی دەرەوە و بە سەرپەرەستیی مەنسوور عەزیزی، بەرپرسی ئەو بەشە پێشکەش کرا، لەو بەشەدا هەر کام لە تەشکیلاتی دەرەوە، یەکیەتیی ژنان و یەکیەتیی لاوان لەسەر کار و چالاکیی خۆیان دوان و دواتر نوێنەرانی کۆمیتەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، ژنان و لاوان بەشداریی باسەکەیان کرد و را و بۆچوونی خۆیانیان هێنایە ئاراوە.

لە پانێلی دووهەمدا کە تایبەت بوو بە بیست و پێنجەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و بەرنامە و پلانی حیزب بۆ ئەنجامی ئەو یادە لە دەرەوەی وڵات بە سەرپەرەستیی \'\'شاهۆ حوسێنی\'\' بەرپرسی هەیئەتی ئیجرایی دەرەوە و لەو بەشەشدا بەشداران بە وردی بەشداری باسەکە بوون و را و پێشنیاری خۆیان هێنایە ئاراوە.

هەر لە درێژەی کارەکانی رۆژی یەکەمدا، پانێلی سێیەم تەرخان کرابوو بۆ بەشی ماڵی و ئەو بەشەش بە سەرپەرەستیی \'\'ئازاد عەزیزی\'\' بەرپرسی بەشی ماڵیی حیزب لە دەرەوە بە وردی لەسەر بەرنامە و پلانی کاریی خۆی و سەرجەم ئەو بەرنامانەی کە پێشتر دایڕشتبوو، دوا و را و بۆچوونی بەشدارانی وەرگرت.

رۆژی دووەمی ئەو کۆبوونەوەیە بە پانێلی بەشی پێوەندییەکان بە سەرپەرەستی \'\'لوقمان ئەحمەدی\'\' بەرپرسی بەشی ناوبراو، دەستی پێکرد کە لەوێدا هاوڕێیانی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە هەموو وڵاتەکان و دەرەوە بە گشتی لەسەر ئەو بەشە دوان و دواتر نوێنەرانی کۆمیتەکان بەشدارییان لە باسەکاندا کرد.

پاشان \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزب سوپاس و پێزانین و دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی کە لە ماوەی پاش کۆنگرەی پازدەی حیزب لە دەرەوە کارەکان بە باشی چوونەتەوە پێش، وتی: ئاسەوارە تازەکانی پێشکەوتنی ئێمە لە دەرەوە لە پاش کۆنگرەی پازدە، خەریکە تازە خۆ دەردەخەن. ناوبراو هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ ئائیننامەکدا و بڕیاراتی حیزب و راوێژی نێوان رێبەریی حیزب لە دەرەوە و لە کوردستان دوا و رەمزی سەرکەوتنی زیاتری حیزب و تەشکیلاتی حیزبی، لە پابەندبوون بە بڕیاراتی حیزبی و پاراستنی یاسا نێوخۆیییە حیزبییەکان زانی.

هیجری هەروەها قامکی خستە سەر گرنگیی بوونی ئارشیڤی دروست و دارێژراو و بوونی نەزم و دسیپلینی هەرچی زیاتر لە کاروباری حیزبیدا.

لە پێوەندی لەگەڵ ئێران، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆزی کورد و پێوەندیی ئەو باسانەش بە کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکرات، بۆ بەشداران دوا و دوا سیاسەتەکانی حیزبی لەو پێوەندییەدا شی کردەوە.

دوایین بەشی ئەو کۆبوونەوە تەشکیلاتییە تەرخان کرابوو بۆ وەڵامدانەوەی سەرجەم پرسیار و پێشنیار و رەخنە و بۆچوونەکانی نوێنەرانی تەشکیلات و کۆمیتەکانی حیزب لە دەرەوە کە لە لایەن بەڕێوەبەرانی سەرجەم پانێلەکانەوە، ئەنجام درا.