![](/content/upload/1/news/50995_w920.jpg)
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، مامۆستایان لە ٥٠ شاری کوردستان و ئێران بەنیسبەت پەسەندنەکرانی گەڵاڵەی پلەبەندی و داواکارییەکانی دیکەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ئەو کۆبوونەوەیە دوای بانگهێشتی یەکیەتیی مامۆستایان بەڕێوە چووە و مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شارەکانی ''کرمانشان، سەقز، مەریوان، هەمەدان، خوڕمئاوا، ئیسفەهان، تاران، شیروان، پۆلدۆختەر و تەورێز و...'' کۆ بوونەتەوە.
مامۆستایان لەسەر بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی پەلەبەندی و وێکچوویی مووچەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێویی ژیانیان جەختیان کردووەتەوە.
لەو خۆپیشاندانەدا مامۆستایان ئەو دروشمانەیان وتووەتەوە: ''ژیان و کەرامەت مافی سەلمێنراوی ئێمەیە''، ''تەنیا گوێبیستی بەڵێنی بووین، عەداڵەتمان نەبینی'' و ''مامۆستا وەخەبەرە و لە هەڵاواردن بێزارە، بەبێ فڕوفێڵ گەڵاڵەی وێکچوویی بەڕێوە بچێت''.
لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو سەقز و مەریوان مامۆستایان داوایان کردووە کە پەروەردەی بەخۆڕایی و ستاندارد مافی هەموو منداڵانە، هەروەها مامۆستایان لەسەر فێربوون بە زمانی دایکی جەختیان کردەوە.
مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشین ماوەی دوو مانگە بەنیسبەت بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندیی مامۆستایان کە کولیاتەکەی لە مەجلیسی ڕێژیم پەسەند کرا، دەیان جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.