کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی ئەهواز سێیەم رۆژی خۆی تێپەڕ کرد

19:44 - 14 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: کرێکارانی کارخانەی قەند و بەرهەمهێنانی شەکری ئەهواز بۆ سێیەم رۆژ لەبەر دەرگای پارێزگای خووزستان لەگەڵ بنەماڵەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.
لە دوو رۆژی رابردووشدا ئەم کرێکارانە بە هۆی دواکەوتنی بوودجەی ٢٢ مانگی رابردوو و هەروەها خزمەتگوزارییە دەرمانییەکانیان، لەبەر دەرگای پارێزگای خووزستان کۆبوونەوەیان ئەنجام دابوو کە ئەمڕۆ سێیەم رۆژی خۆی تێپەڕاند.
یەکێک لەو کرێکارانە به هەواڵدەریی ئیلنای گوتووە: لەو کاتانەدا کە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەین، کاتێک کە دەگەینەوە ماڵەکانمان چاوەڕێی بیستنی هەواڵی دڵخۆشکەر بۆ بنەماڵە و چارەسەر کردنی کێشەکانمانین، بەڵام بەرپرسان هیچ کات هەواڵی یەکلاکەرەوەمان پێ نادەن و ئێمەش ئەمڕۆ بنەماڵەکانمان بۆ بینینی دۆخەکە هێناوەتە ئێرە.
هووشەنگ تاهیری ئەندامی شۆرای ئیسلامیی کارخانەی قەندی ئەهواز لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا بەشدار بووە و هەواڵی پێکهێنانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ جێگری سیاسیی پارێزگا، جێگری دادستان، بەڕێوەبەری گشتیی کاری پارێزگا و نوێنەرایەتیی تەئمین ئیجتماعی، بانکی میللی و میللەت لە پارێزگای خووزستانی بەکرێکاران داوە.
ناوبراو ئاکامی ئەو کۆبوونەوەی راگەیاندووە و گوتوویەتی: لەسەر ئەوە ساخ بوونەتەوە کە کرێکاران لە رێگای یاساییەوە داخوازییەکانیان دەرببڕن.