کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی "لوبنان" کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

17:21 - 22 رەزبەر 2721

بە دوای حوکمی دەسبەسەرکردنی "عەلی حەسەن خەلیل" وەزیری پێشووی دارایی لوبنان لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی تەقینەوەی کەناراوی "بەیرووت"، لایەنگرانی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای "لوبنان" بە نیشانەی ناڕەزایەتی ڕژانە سەر شەقامەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر، هاوکات لەگەڵ پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، ملیشیاکانی "حیزبوڵڵا" لەنێو بیناکانی ناوچەی "عەینولڕەمانە" و سنووری نێوان گەڕەکەکانی شیعەنشین و مەسیحی دەرگیریی چەکدارییان هێنایە ئاراوە.

چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان بە دروستکردنی نائارامی دەیانهەوێت دۆسیەی دادگاییکردنی "حەسەن خەلیل" و کەسانی پەیوەندیدار لەو تەقینەوەیەدا وەدوا بخەن.

لە ئەنجامی ئەو دەرگیرییەدا لانیکەم ١٦ کەس کوژراون و ٦ کەسیش بریندار بوونە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، "تارق بەیتار" دادوەری دۆسیەی تەقینەوەی کەناراوی "بەیرووت" بە دوای ئامادەنەبوونی "حەسەن خەلیل" تاوانباری یەکەمی ئەو دۆسیەیە، حوکمی دەسبەسەرکردنی ناوبراوی دەر کرد.