کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتاییی کۆبوونەوەی ڕزگاریی بەرجام

12:11 - 16 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: کۆبوونەەی ڕزگاریی بەرجام، بەبێ دەستنیشانکردنی هیچ جۆرە ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ گەمارۆوەکانی ئامریکا، کۆتایی پێ هات.

فدریکا موگرینی، ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ڕزگاریی بەرجام، ڕاگەیەندراوی کۆتایی خوێندووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا موگرینی وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر درێژەدان بە هەوڵە دیپلۆماتیکەکان ئاماژەی بەوە داوە، کە هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ پێشگرتن لە گەمارۆوەکانی ئامریکا بەدی نەهاتووە.

کومسیۆنی ڕزگاریی بەرجام پاش کشانەوەی ئامریکا لەو ڕێککەوتننامەیە پێک هاتووە، ئامانج لەو کومسیۆنە دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ ڕزگارکردنی بەرجام و پێبەندبوونی ڕێژیمی ئێران بە بڕیار و بەندەکانی ڕێککەوتنەکان، باس کراوە.

لە کۆبوونەەی ڕۆژی هەینی، ١٥ی پووشپەڕدا کە لە ڤییەن بەڕێوە چوو، وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئورووپایی، (بریتانیا، ئاڵمان و فەڕانسە) و وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیە و چین و هەروەها نوێنەری ئێران، محەممەدجەواد زەریف، بەشدار بوون.

بەشێک لە گەمارۆوەکانی ئامریکا، بازرگانی و کڕین و فرۆشتنی نەوتی ئێران وەخۆ دەگرێت، ئامریکا بە هەموو کڕیارانی نەوتی ئێران تا ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، مۆڵەتی داوە کە کۆتایی بە مامەڵەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بهێنن.