کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا دۆخی شاری بۆکانی قەیراناوی کردووە

12:55 - 7 خاکەلێوه 2720

لە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بۆکان، دۆخی ئەو شارە لە حاڵەتێکی قەیراناویدایە و تووشبووان لە ماڵەکانی خۆیاندا دابڕگە دەکەن.

بڕیاری دابڕگەکردنی خەڵک لە ماڵەکانیان لەلایەن نەخۆشخانەی بۆکانەوە بە خەڵک دراوە.

ئەو کەسانەی کە لە ماڵی خۆیاندا دابڕگە کراون، لەسەر بڕیاری نەخۆشخانە بووە. هەروەها ئەگەری هەیە ئەندامانی ئەو بنەماڵانە تووشی کۆرۆنا ببن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، لە نەخۆشخانەی بۆکان ٨٤ کەسی دیکەش تاقیکارییان لێوەرگیراوە کە وڵامەکەیان ئەرێنییە.

هەروەها ئەگەری هەیە ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ کەسی تووشبوو بەو ڤایرۆسە لەو شارەدا بوونی هەبێت.

بەشێک لە نەخۆشەکانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە نین دابڕگە بکرێن.

نەخۆشخانەی بۆکان وەکوو زۆربەی نەخۆشخانەکانی کوردستان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە لە دۆخێکی مەترسیداردایە.

هەروەها بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ پزیشک و پەرستارەکان، ٥ هەتا ٦ کەس لە کادری دەرمانیی ئەو نەخۆشخانەیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە.

شوناسی چەند کەس لەو پزیشکانە بە ناوەکانی: "ح، ش، ئا، ق و ئا"، ڕاگەیەندراوە.

هاوکات باس لەوە دەکرێت پەرستارێکی ژن تووشی کۆرۆنا بووبێت.

هەروەها دەوترێت کەسیک بە ناوی "حامد موختاری"، یەکێک لە کاربەدەستە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە  پاسگای سیمینە، تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بووە.

ناوبراو ئامادە نەبووە دابڕگە بکرێت و ئێستا دۆخی جەستەیی شپرزەیە و ڕەوانەی شاری میاندواو کراوە.

زۆربەی شارەکانی کوردستان  دۆخیان قەیراناوییە و ڕێژیم هیچ هەوڵێک بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە نادات.