دۆخی هەموو شارەکانی کوردستان بەهۆی کۆرۆناوە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دۆخێکی مەترسیدار و نالەبار تێدەپەڕێت و نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانیش وەک پێویست وەڵامدەری پێڕاگەیشتن بەو ڕێژە زۆرەی تووشبووان نین.
پارێزگاری ڕێژیم لە سنە باسی لەوە کردووە: "بەهۆی کۆرۆناوە لە ڕۆژی چوارشەممەوە بۆ ماوەی دە ڕۆژ دووکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی شارەکانی بانە، بیجاڕ، سەقز، سنە، کامێران و مەریوان دادەخرێن".
هەروەها سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی کوردستان وتوویەتی: "هەتا ئێستا زیاتر لە ٧٦٦ تەختی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە کە دەکاتە ٣٠ لەسەدی هەموو تەختەکان، تایبەت کراوە بە تووشبووانی کۆرۆنا. دۆخی ئێستای پارێزگا، دۆخێکی قەیراناوییە".
هەر لەو پەیوەندییەدا ناوبراو وتوویەتی: "لە نەخۆشخانەکانی مەریوان ٥٠ لەسەدی تەختەکانی ئەو ناوەندانە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخان کراوە".
هەروەها لە "جوانڕۆ" کێشەی نەبوونی ئۆکسیژێن و کەمیی پەرستار هەیە و وەکوو پێویست بە نەخۆشەکانی ئەو شارە بەتایبەت تووشبووانی کۆرۆنا ڕاناگەن.
هاوکات لە ڕێگای نێوان شنۆ بۆ مەرگەوەڕ، چوونەژوورەوەی ئەو ماشینانەی کە پلاکیان تایبەت بەو شارەیان نییە قەدەغە کراوە و بۆ ماوەیەک بەهۆی کۆرۆناوە دابڕگە ڕاگەیەندراوە.