بەپێی ڕاگەیەندراوی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٠٨ کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و ئاماری ڕۆژانەی گیانلەدەستدان بەو ڤایرۆسە گەیشتووەتە سەرووی ١٠٠ کەس.
"سیما سادات لاری" وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ٨ هەزار و ٥١٠ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی نوێی کۆڤید ١٩ و ١٠٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە لە ماوەی شەو و ڕۆژی ڕابردوودا تۆمار کراوە.
"لاری" ڕایگەیاندووە، بە سەرخستنەوەی ئاماری نوێی تووشبووان، لە ئێستادا یەک ملیۆن و ٦٣٩ هەزار و ٦٧٩ کەس تووشبووی ئەو ڤایرۆسەن.
ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە بە گیانلەدەستدانی ١٠٨ تووشبووی دیکە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ئاماری گشتیی قوربانییان بەو ڤایرۆسە گەیشتووەتە ٦٠ هەزار و ١٨١ کەس.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا ١١ شار دۆخیان سوورە، ٣٢ شار نارنجی، ٢٥١ شار زەرد و ١٥٤ شاریش دۆخیان شینە.
کۆرۆنای نوێ لە حاڵێکدا لە ئێران هێز دەگرێت کە هەتا ئێستاش ڕێژیم ڤاکسینێکی بۆ خەڵک دابین نەکردووە و تەنانەت ڕێکاری تەندروستیی گونجاویش بۆ خەڵک دانانێت و گیانی خەڵک ڕۆژانە دەکەوێتە مەترسییەوە.