کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە ئێران ڕۆژانە ئاماری نوێ تۆمار دەکات

13:09 - 23 سەرماوەز 2720

مامۆستایەکی زانکۆی پزیشکیی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە یەک و نیو لەسەدی تووشبووان و ٣.٣ لەسەدی قوربانییانی کۆرۆنا لە جیهاندا تایبەت بە ئێرانە.

"عەباس موتەوەلیان" ئێپیدێمیۆلۆژیست و مامۆستای زانکۆی پزیشکیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ڕێژەی قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران زیاتر لە نێونجیی جیهانییە، بە شێوەیەک کە یەک و نیو لەسەدی حەشیمەتی تووشبووان و ٣.٣ لەسەدی قوربانییانی جیهان تایبەت بە ئێرانە".

"موتەوەلیان" هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئێران بە یەک لەسەدی ڕێژەی حەشیمەتی جیهانەوە، یەک و نیو لەسەدی تووشبووانی کۆرۆنای جیهانی هەیە.

هەروەها ئێران بە ٥١ هەزار و ٥٠٠ کەسەوە، ٣.٣ لەسەدی ئاماری قوربانی بە کۆرۆنای لە جیهاندا هەیە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ هەروەها وتوویەتی کە ئەو لێکدانەوەیە بەپێی ئامارە فەرمی و بڵاوکراوەکانی ڕێژیمە لە تووشبووان بە کۆرۆنا و ئاماری ڕاستیی تووشبووان و قوربانییان زیاتر لەو ڕێژەیەیە.