کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆزۆوۆ ٧ بازرگان و شیرکەتێکی بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ حیزبوڵڵا تەحریم کرد

11:43 - 6 خەزەڵوەر 2721

وڵاتی کۆزۆوۆ ٧ بازرگان و شیرکەتێکی ئەو وڵاتەی بەهۆی لە پەیوەندیدابوون لەگەڵ گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان تەحریم کرد؛ تەحریمەکانی ئەو وڵاتە هاوکاتە لەگەڵ گەمارۆکانی ئامریکا دژی حیزبوڵڵای لوبنان.

بەرپرسانی کۆزۆوۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی ئەو گەمارۆیانە، داراییەکانی ئەو ٧ کەسە وێڕای ئەو شیرکەتە بلوکە کراوە و ئەو ٧ کەسە مافی ئەوەیان نییە لەو وڵاتە بڕۆنە دەرەوە، هەروەها ناتوانن لە شیرکەت یان کەسانی دیکە لەو وڵاتە پارە وەربگرن.

وڵاتی لوبنان سەربەخۆیی کۆزۆوۆ بە فەرمی ناناسێت و کۆزۆوۆ پێوەندیی دیپلۆماتیکی لەگەڵ ئیسرائیل دەست پێ کردووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە مانگی سێپتامبری ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە چەندین گەمارۆی خستووەتە سەر گرووپی حیزبوڵڵا و تۆڕێکی ماڵیی گەورەی پەیوەندیدار بەو گرووپەی ناساندووە و تەحریمی کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا عەرەبەستانی سعوودی دامەزراوەی ''قەرزولحەسەن'' کە ناوەندەکەی لە لوبنانە بەهۆی پەیوەندیگرتن و پشتیوانیکردن لە چالاکییە تێرۆریستییەکانی حیزبووڵڵا، خستە نێو ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

عەرەبستان لەوبارەوە جەختی کردەوە کە دژی چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتوانیی لێ دەکرێت، هەوڵ دەدات سەرچاوە ماڵییەکانی ئەو گرووپە بکاتە ئامانج.