کوردستان میدیا

یەکشەممە 5ی جۆزەردان 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆساڵان بۆ هەمیشە لە بیر و هزرماندا دەمێنێتەوە

12:51 - 23 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لەگەڵ شەهیدانی حەماسەی کۆساڵان پەیمانیان نوێ کردەوە.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، سەردانی چیای کۆساڵانیان کرد و لەگەڵ شەهیدانی کوردستان پەیمانیان نوێ کردەوە.

کۆساڵان، شوێنی ڕوودانی حەماسەیەکی مەزنی ڕۆڵە ئازاکانی ئەم خاکەیە و تێیدا ١١ پێشمەرگەی گیان لەسەردەستی حیزب، گیانیان پێشکەش بە خاک و نەتەوەکەیان کرد.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، بە دانانی جامانە و گوڵی هەڵاڵە لە چیای کۆساڵان، کە هێمای ئیرادەی پێشمەرگە و شەهیدانی کوردستانە، یادی شەهیدانی حەماسەی کۆساڵانیان بەرز ڕاگرت.

ئەندامانی حیزب بەم چالاکییە، ئەو ڕاستیەییان دووبارە سەلماندەوە، کە بیر و ڕێبازی شەهیدان بۆ هەمیشە لە یادماندایە و هەتا وەدیهاتنی ئامانجە بەرزەکانیان لە خەبات و تێکۆشان دەست هەڵ ناگرین.

ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥، تیمێکی پێکهاتوو لە ١١ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، لە کاتی گەڕانەوەیان لە مەئمووریەتێکدا، لە چیای کۆساڵان دەکەونە بۆسەی هێزەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران و دوای چوار ڕۆژ شەڕ و بەرگری، سەرئەنجام ٩ پێشمەرگە بە ناوەکانی (مەهدی شێخی (تەوریوەری)، ئەکبەر مەنبەری، شۆڕش مەنبەری، شاخەوان مەنبەری، ڕۆحوڵڵا حەیدەری، بارزان حوسێنی، ساحێب حوسێنی، هیوا قوربانی و ئەفشار سوورەبوومە شەهید دەبن و دواتریش دوو پێشمەرگەی ئەو تیمە بە ناوەکانی: (کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی) کە لە شوێنی شەڕەکە دەرباز ببوون، لە ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە گوندی بوڕیەر، گیانی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد.