
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەر هەواڵدەریی "میللی ئاز"ی کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاندووە چەندین ماڵپەڕی وەک: "مائیدە، دییەرلەر(بەهاکان)، شیعە و ئیسلامین سسی (دەنگی ئیسلام)" کە تەبلیغاتی دینییان بۆ خانەدانی پێغەمبەر دەکرد؛ داخست.
جگە لەو ماڵپەڕانە چەند کاناڵی یووتیوب کە فیلمی مەزهەبیی ڕێژیمی ئێرانیان بڵاو دەکردەوە داخست.
کۆماری ئازەربایجان بە فەرمی داخستنی ئەو ماڵپەڕ و کاناڵانەی ڕانەگەیاندووە بەڵام بەکارهێنەران لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات ناتوانن کەڵکیان لێوەرگرن.
هاوکات لەگەڵ داخرانی ئەو ماڵپەڕە مەزهەبییانەی ڕێژیم، خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لاپەڕەیەکی بە زمانی تورکی لە توویوتێری خۆی دامەزراند.
ئامانجی خامنەیی لە دامەزراندی ئەو لاپەڕەیە بە زاراوەی تورکیی ئازەربایجان و ئەلفوبێی فەرمیی ئەو وڵاتە ڕوون نەکراوەتەوە.