مستهفا هیجری
٥٩یەمین هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئامریکا لە زۆر ڕووەوە گرینگە. ڕکەبەرایەتیی نێوان دوو ڕوانگە و جیاوازیی دوو بۆچوون سەبارەت بە چۆنیەتیی پاراستنی پێگە و هێژمۆنیی ئامریکا، بە سەرکەوتنی جۆ بایدن وەک کاندیدای دێموکراتەکان کۆتاییی پێ هات.
ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە وڵاتانی جیهان و ڕای گشتی، بە وردبینییەوە سەرنجیان خستبووە سەری. ئێستا و لە داهاتووشدا، کاریگەری و ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە سەر سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و تەنانەت جیهانیی ئامریکا، مژارێکی سەرەکیی توێژینەوە و باس و خواستی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و ژوورەکانی فکر و میدیاکانی جیهان دەبێ.
ئامانج لەم وتارە، لێکدانەوەی داهاتوووی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیدارەی جۆ بایدن، بە تایبەتی لەمەڕ (ئەگەری) ڕێککەوتنەوەی دوو لایەن سەبارەت بە"بەرجام" یان تەنانەت لە دەرەوەی بەرجام و کاریگەرییەکانی لەسەر پانتایی سیاسیی ئێرانە.
لەپێشدا ئەوەش ڕوون دەکەمەوە کە ئەم لێکدانەوەیە لەسەر بەستێنی پەیوەندییەکانی ئێران و ئامریکا دەکرێ کە هەر لە سەرەتاوە بە دوژمنایەتی لەلایەن ئێرانەوە دەستی پێ کردووە و لە چوار ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە لووتکەی خۆی. خۆ لەوانەشە لە چوار ساڵی داهاتوودا گۆڕانکاریی ئەوتۆ بێتە کایەوە کە ڕاست بەپێچەوانە یان جیاواز لەم لێکدانەوەیە بێت.
ڕێککەوتنی ناوکیی (بەرجام)
ڕێککەوتنی ناوکیی (بەرجام)، کە بە ئامانجی سنووردارکردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە و بەربەستکردنی ڕێی گەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی، لە نێوان ئێران و گرووپی ١+٥ (ڕووسیە، چین، فەرانسە،بریتانیا و ئامریکا وێڕای ئاڵمان) واژۆ کرا، دوای ئەوەیکە واشنتۆن بە بڕیاری دانڵد ترامپ لێی کشایەوە، کەوتە کۆماوە. لە سەروبەندی ئەم بڕیارە، داوا لە ئێران کرا کە ئامادەیی خۆی بۆ پێداچوونەوە بەم ڕێککەوتنە کە بە گوتەی ترامپ خراپترین ڕێککەوتنی مێژووی ئامریکایە، دەرببڕێت، بەڵام لەگەڵ وهڵامی نەرێنی بەرەوڕوو بووەوە. لە ئەنجامدا ئامریکا کەمپەینێکی لە دژی ئێران وەڕێخست کە بە کەمپیەنی گوشاری لەڕادەبەدەر دەناسرێتەوە و پێدەچێ تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیی ترامپ درێژەی هەبێت.
ئەم کەمپەینە کە بە مەبەستی ملکەچکردنی ئێران و ڕاکێشکردنی بۆ سەر مێزی وتووێژ و گرێدانی ڕێککەوتنێکی باشتر (لە ڕوانگەی واشنتۆنەوە) ڕاگەیێندرا، بریتیی بوو لە زنجیرەیەک لە گەمارۆ و سزاکان کە سەرچاوەی داهات و ژێرخانی ئابووریی ئەم وڵاتەی کردە ئامانج (بۆ نموونە کەم بوونەوەی ٨٥%ی داهاتی نەوت). هاوکات لە گەڵ ئەم کەمپەینە، ئامریکا ١٢ مەرجی بۆ وتووێژ خستە بەردەم ئێران و داوای "گۆڕینی ڕەفتار"ی ئێرانی دەکرد کە زۆربەیان پەیوەندییان بە بەرنامەی موشەکی، بەرنامەی ناوکیی، دەستێوەردانی ناوچەیی و پشتیوانیکردنی تاران لە گرووپە تێرۆریستیەکانەوە هەبوو.
ئاماژەکانی وتووێژ
لە یادداشتێکدا کە مانگی سێپتامبری ئەمساڵ لەلایەن "سی.ئێن.ئێنـ"ـەوە بڵاو کرایەوە، جۆ بایدن ئەو پەیامەی گەیاند کە ئامادەیە لە ڕێڕەوی دیپلۆماسییەوە هەنگاو بنێ، بەو مەرجەی کە ئێرانیش لەم بارەیەوە ئامادەییی خۆی نیشان بدات. بایدن هەروەها ڕایگەیاند کە بەرجام دەکاتە خاڵی دەستپێکی وتووێژی داهاتوو لەگەڵ ئێران و، لەگەڵ هاوپەیمانانی ئامریکا کار دەکات بۆ پەرەپێدان بە خاڵەکان(ناوەرۆکـ)ـی ڕێککەوتنەکە و گفتوگۆ لە سەر تێکڕای ئەو نیگەرانی و پرسە هەستیارانە دەکەن کە بە لایانەوە گرینگە. لە بەرانبەردا، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی "سی.بی.ئێسـ"ـی گوتووە کە تاران "بە هیچ شێوەیەک" ئامادە نییە سەرلەنوێ لە بارەی مەرجەکانی رێککەوتن لەگەڵ لایەنی ئامریکایی بکەوێتە گفتوگۆوە. زەریف هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئەمە مانای ئەوە ناگەیهنێ کە دوو لایەن نەتوانن ڕێگایەک بۆ "تعامل" ببیننەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، دەزگای دیپلۆماسیی ئامریکا ڕایگەیاندووە تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیی دانڵد ترامپ، سێڵاوێک لە سزاکان لە درێژەی هەمان دیپلۆماسیی گەمارۆکان و لە چوارچێوەی کەمپەینی گوشارەکان بۆ سەر ئێران وەرێ دەخات.
تا ئێرە ڕوون نییە ترامپ چ میراتێک لە کەیسی ململانێ لەگەڵ ئێران بۆ سەرۆکی دوای خۆی بەجێ دێلێ، بەڵام ئەوەی پڕ ئاشکرایە هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئامریکایە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە نیسبەت ئێرانەوە، کە بە ڕادەیەکی زۆر نەگۆڕن، بۆیە هەر کەس لە کۆشکی سپی دانیشێ، بەدەر لەوەی سەر بە چ حیزبێک بێت، دەبێ ئەو سیاسەتانە بەرێتە پێش کە گرینگترینیان بریتین لە:
یەکەم، پاراستن و بەهێزترکردنی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل. ئیسرائیلێک کە سەردەمانێک بە گوتەی دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی، بڕیار وابوو لە سەر نەخشەی سیاسیی جیهان بسڕدرێتەوە، بە پاڵپشتیی دەزگای دیپلۆماسیی ئامریکا، پڕۆسەی کرانەوەی دیپلۆماسی و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی/ئیسلامی (دژبەری ئێران و هاوپەیمانی واشنتۆن) دەست پێکردووە کە ئەنجامەکەی چاوەڕوان دەکرێ هەواڵبەندی و هاوکێشەیەکی نوێ بێت لە ڕاستای سیاسەتی درێژخایەنی ئامریکا و بەرژەوەندیی هاوپەیمانانی لە ناوچەکە.
دووەم، بەرنامە ناوکیی و مووشەکییەکانی ئێران و ڕێگری لە دەسپێتڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمییە کە ئێستا هەستیارترین کەیسە و لە ئەولەوییەتی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکادایە و وڵاتانی زلهێزی جیهانیش لەم کەیسە تێوەگلاون.
سێهەم، بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ناوچەییی ئێران (هەناردەکردنی شۆڕش، سیاسەتی دەستێوەردان و پشتیوانیکردنی هەمەلایەنە لە گرووپە تێرۆریستییەکان)
چوارەم، شەڕی دژ بە تێرۆر و تێرۆریزمی نێودەوڵەتی کە ڕێژیمی ئایەتوڵڵاکان سەرچاوەی سەرهەڵدان و پەرەسەندنیەتی و بووەتە بەشێک لە ناسنامەی ئەم ڕێژیمە.
پێنجەم، پاراستن و پەرەپێدان بەو هاوپەیمانی و هەواڵبەندییانەی کە هاوتەریب لەگەڵ لێک نزیککردنەوەی دۆستانی ئامریکا، بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە دابین دەکات.
ئەو پێنج خاڵە کە هێلە گشتییەکانی سیاسەتی ئامریکا لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەنیسبەت ئێرانی لەسەر هەڵچنراوە ( دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل، پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی بە ئامانجی دەست ڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی، دەستێوەردانی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچە لەژێر ناوی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی، پشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆریستەیەکان) ، چەقی سیاسەتی دەرەوە و ئەولەوییەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکدێنن کە نەتەنیا نەگۆڕن، بەڵکوو ڕاست بەپێچەوانە لە زیانی بەرژەوەندی و ئەولەوییەتەکانی واشنتۆن دەشکێنەوە. درێژەکێشانی ئەم هاوکێشەیە، لە داهاتووشدا چۆنیەتیی پەیوەندییەکانیان (بەدەر لەوەی کە ئاراستە و شێوەکەی چۆن بێت) دیاری دەکات. ئەگەر چی بە پێوەری سیاسەتی ناوچەیی، هەر کام لەم بوارانە وەک فاکتەری بەردەوامی و پارێزەری بەرژەوەندیی درێژخایەنی کۆماری ئیسلامی پێناسە کراون، بەڵام لەبەردەوامبوونی دوو سیاسەتی دژبەیەکی ئەوتۆ، ئەوە لایەنی کەمهێزە کە زۆرتر زەرەرمەند دەبێت یان زۆرتر ئیمتیاز دەدات، ئەگەر بیهەوێ ڕێککەوتن بکات. ئێمە لەو باوەڕەداین کە تەرازووی هێز کە هەر لە سەرەتاوە زۆر بەلای ئامریکادا قورس بووە لە ئێستادا قورسترە، چونکە کۆماری ئیسلامی بە بەروارد لە گەڵ ٦-٥ ساڵی ڕابردوو کە ڕێککەوتنی بەرجامی بە ناچاری واژۆ کرد، زۆر لاوازتر بووە.
بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ ناوخۆی ئێران، دەکرێ هۆکار یان بەستێنەکانی لاوازتربوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر ڕوون بکرێتەوە کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکرێت. دیپلۆماسیی گەمارۆکانی ئامریکا کە لە ڕاستیدا ئەنجام و لێکەوتەی سیاسەتە چەوتەکانی خودی ڕێژیمە، ژێرخان و شیرازەی ئابووری، تکنیکی و تەنانەت سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەبەر یەک هەڵوەشاندۆتەوە و شوێنەواری زیانباریشی لەسەر ژیانی خەڵک داناوە. قەیران لە ناخی قەیراندا سەری هەڵداوە و کەڵەکە بووە. ڕادەی بێزاری و تووڕەیی خەڵکەکەی لە ڕێژیم تا دێ هەڵدەکشێ. هەر لەم چەند ساڵەدا، چەند شەپۆلی ناڕەزایی و ڕاپەڕینی سەرتاسەری، ڕێژیمی تا لێواری نەمان بردووە. لە ئەنجامی ئەم دۆخەدا بەشێکی زۆر لە سەرچاوەکانی داهاتی وشک بووە. ڕێژیم چیتر توانای لۆجستیک و ڕێکخستنی گرووپە میلیشایی و تێرۆریستییەکانی بە شێوەی ڕابردوو نەماوە. لە ڕووی فکری و ئیدئۆلۆژییەوە دابڕان و کەلێنێکی گەورە لە نێوان رێژیم و ڕای گشتیی و باوەڕمەندانی شیعەی ئە وڵاتانە پێکهاتووە کە لە ڕابردوودا ئێرانیان بە پشتیوانی خۆیان دەزانی. دیارە ئەم کەلێنە چەند قات زیاتر لە پەیوەندی لەگەڵ ناوخۆ ی ئێران بەرچاوترە. لە ڕوانگەیەکیشەوە، هەواڵبەندی و لێک نزیکبوونەوەی ئەم دواییانەی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل (وەک دوژمنی دوژمنەکەیان) دەرکەوتەی ئەم گۆڕانکارییانەن.
ئیستا کە سەرۆکێکی تازە لە ئامریکا هەڵبژێردراوە، ڕەنگە کۆماری ئیسلامی وا بیر بکاتەوە کە لەگەڵ ئیدارەی نوێ ئاسانتر دەتوانێ بکەوێتە وتووێژەوە ( چ لە سەر ڕێککەوتنی بەرجام یان جیاواز لە بەرجام) و گەمارۆکانی دەرەوە و فشارەکانی ناوخۆ لەسەرخۆی کەم بکاتەوە. بۆیە ئەگەر دوای نیشتەجێبوونی بایدن لە کۆشکی سپی، ڕۆژێک گوێبیست بووین کە خامنەیی جارێکی دیکە بڕیاری "نەرمشی قارەمانانەی" دەرکرد، لامان سەیر نەبێ. وێدەچێ هەر وەک پێشترئاماژەی پێکرا، ئەمەش دڵخوازی بایدن بێت. بەڵام خەڵکی ئێران نابێ دڵیان بە ئاکامی ئەو گەمانە خۆش بێ، چونکە لە ئەگەری ڕێککەوتنی دوولایەندا، بەو شێوەیەی کە باس کرا ئەگەر ئامانج یان دەسکەوتێک هەبێت تەنیا لە پێناو مانەوەی ڕێژیمدا سەرف دەکرێ. لەگەڵ ئەوەشدا نەرمشی ئەم جارە لەگەڵ نەرمشەکەی پێشوو جیاوازییەکی ماناداری دەبێ. گریمانەش ناکرێ کە بایدن هەروا بە هاسانی بتوانێ گەمارۆکانی سەر ئێران لابەرێ، مەگەر ئەو کاتەی کە بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی ناوچەیی و ئورووپایی، مسۆگەر بێت و ڕێژیمیش لە بابەتی سەرەڕۆییەکانی کۆنترۆڵ کرابێت.
ئەگەری ڕێککەوتن یان بەردەوامبوونی دۆخی هەنووکەیی لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئامریکا، کۆمەڵێک ئەگەر و ڕووداوی چاوەڕواننەکراویش بە دوای خۆیدا دێنێ، بەو سەرنجەوە کە رێژیم لە هەر دوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا لە دۆخێکی لاوازدایە و بەرەو لاوازی زیاتریش دەچێ، لاوازبوونی زیاتری ڕێژیمیش دەرفەتی لەبارتر بۆ گەلانی ئێران پێک دێنێ. هەر بۆیە زۆر گرینگە کە فاکتەری ناوخۆیی و ئیرادەی خۆڕاگریی ئازادیخوازان بە بنەما وەربگیردرێ و لەم نێوانەشدا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پلانی هاوبەش و تەبایی، خۆی بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکات.