کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٤ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم لە ئاکامی هێرشەکانی ئەرتەشی ئەمریکا

11:12 - 5 جۆزەردان 2726

تلویزیۆنی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ سەر بەلەمە جەنگییەکان لە باشووری دوورگەی "لارک"، ٤ ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسداران کوژراون.

هاوکات، میدیا حکوومەتییەکانی تەسنیم و فارس ئاشکرایان کرد کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شاری بەندەرعەباس و ناوچە کەناراوییەکانی نزیک لە گەرووی هۆرمۆز، لەوانە سیریک و جاسک بیستراوە.

هەواڵدەریی "مێهر" دواتر ڕایگەیاند کە دۆخی بەندەرعەباس لەژێر کۆنترۆڵدایە و تەقینەوەکان بەهۆی چالاکیی بەرگرییەوە بووە؛ ئەمەش دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایانگەیاندبوو کە بەرەبەیانیی دووشەممە دڕۆنێکیان لە ناوچەی کەنداودا خستووەتە خوارەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە ئەرتەشی ئەمریکا هێرشی کردە سەر باشووری ئێران و ئەو بەلەمانەی لە هەوڵی چاندنی مینی دەریایی بوون و هەروەها بنکە مووشەکییانەی ڕێژیمی لەو ناوچەیە پێکا.

سێنتکام لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە کە ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە پاراستنی هێزەکانیان بووە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران و جەختی کردەوە کە واشنگتۆن لە کاتی ئاگربەستی ئێستادا دانبەخۆداگرتنی نیشان داوە، بەڵام لە بەرگریکردن لە خۆی سڵ ناکاتەوە.