کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە جینایەت و تاوانەکانی شەڕ

12:08 - 17 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی چڕوپڕ و بێبەزەییانە، کوێستان و شاخەکانی کوردستانی تۆپباران کردووە کە بەهۆی زەرەرمەندکردنی خەڵکی سڤیل، ئەم کارانەی ڕێژیم دەچنە خانەی جینایەتی شەڕەوە.

لە ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردووەوە تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی بەبەردەوامی شاخ و کێوەکانی سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانیان داوەتە بەر ڕەهێڵەی تۆپ و خومپارەوە کە بەهۆیەوە باخدار و خەڵکی سڤیلی نیشتەجێ لە سنوورەکان زەرەرمەند بوون و جیا لە سووتانی دارستان و پاوانی ئەم ناوچانە خەڵکی ئاسایی ناوچەکەشی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە.

 فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دوێنێ هەینی ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاند: کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی تۆپخانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوچەکانی سیدەکان و چۆمانی باشووری کوردستانیان بە چڕی تۆپباران کردووە کە لەئەنجامدا زیانێکی ماددی زۆر بەر مەزرا و مووچەی دانیشتوانی ئەو دەڤەرە کەوتووە.

بەپێی دوایین هەواڵەکان لە ئاکامی ئەم هێرشانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، زەرەر و زیانێکی زۆر بەر ژینگەی ئەم ناوچەیە کەوتووە و شوێنی ژیانی کاسبکاران و مەڕدارانی سنوورەکانی چۆمان و سیدەکان کەوتووەتە مەترسییەوە؛ هەر بۆیەش خەڵکی نیشتەجێی ئەو ناوچانە ژیان و ماڵی خۆیان بەجێ هێشتووە کە ئەم چەشنە کارانە دەکەونە خانەی جینایەتی شەڕ کە کۆماری ئیسلامی بەدژی گەلی کورد و بەمەبەستی کاولکردنی کوردستان ئەنجامی دەدات.

جیا لە دانیشتووانی ناوچەی سیدەکان و چۆمان تۆپبارانەکانی رێژیم دانیشتووانی دوو شاری شنۆ و پیرانشاریشی وەزاڵە هێناوە و ئارامی لەوانیش ئەستاندووە.

ئەگەرچی ڕێژیمی تاران بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستی داوەتە ئەم جینایەتانە بەڵام فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەم ئیددعایە ڕایگەیاندووە: هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوخۆی کوردستان لە مەیداندایە.

پێشتریش لە ۲٦ی پووشپەڕدا، سوپای تیرۆریستیی پاسداران کەڵکی لە تۆپی فسفۆریی وەرگرت کە هەم بووە هۆی سووتانی ژینگە و هەم شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی کوردستانی لێکەوتەوە.