کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی: درێژە بە تاقیکارییە مووشەکییەکانمان دەدەین

11:29 - 12 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی باڵای ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی وێڕای تەئیدکردنەوەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەمەڕ تاقیکاری نوێی مووشەکی، ڕایگەیاند کە ئێمە بڕیارمان داوە درێژە بە تاقیکارییەکانمان بدەین و هەوڵ بۆ گەشەدان بە بەرنامە مووشەکییەکانمان دەدەین.

هەواڵدەری تەسنیمی سپای پاسداران لەسەر زاری پاسدار ئەبولفەزڵ شکارچی وتەبێژی ئەرتەشی ڕێژیم بڵاوی کردەوە: تاقیکاری مووشەکی و بردنەسەری توانای مووشەکی و دفاعیمان یەکلایی کراوەتەوە و ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان.

هەروەها بەهرام قاسمی ڕایگەیاندووە: هیچ بڕیارنامەیەکی شۆرای ئەمنیەت لەپێوەندی لەگەڵ بەرنامە مووشەکییەکانمان بوونی نییە و هەموو چالاکییەکانی ئێمەش لەڕاستای بەهێزکردنی توانای دفاعی خۆمانە.

ئەم لێدوان و دژکردەوانەی کۆماری ئیسلامی دوابەدوای ئەوە هاتە ئاراوە کە مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی شەممە رێکەوتی 10ی سەرماوەز بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کرد تاران بەم دواییانە مووشەکێکی بالستیکی نێونجبڕی بەنهێنی تاقی کردۆتەوە کە توانای پێکانی ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی هەیە و دەتوانێ بۆمبی ناوکی هەڵگرێت.

هاوکات "دێنی دێنوون" باڵوێزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە شۆرای ئەمنیەت کردووە سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی ئێران هەڵوێستی جیددی بنوێنێ و مەحکوومی بکات؛ وتوویشیەتی: ئێران پێشێلکاری بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنیەتە، کاتی هاتووە هەڵوێستی جیددی بگیرێتە بەر، ئێمە داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین لە ڕاستای تەریکخستنەوەی ڕێژیمی تێرۆر و شەڕ هاوکاری ئامریکا بن.