کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای "ئای.تی.ئاڕ" فڕۆکە بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشێت

12:37 - 5 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیای "ئای.تی.ئاڕ"ـی دەوڵەتی فەڕانسە ڕایگەیاندووە، کە هیچ فڕۆکەیەک بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشێت.

"کریستیان شێرر"، سەرۆکی کۆمپانیای فڕۆکەسازیی "ئای.تی، ئاڕ"ی دەوڵەتی فەڕانسە باسی لەوە کردووە، بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا، ئەو فڕۆکانەی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داوا کراون، ڕادەستی ئەو ڕێژیمە ناکات و هیچ فڕۆکەیەکیش بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشێت.

"شێرر" لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، ئەو کۆمپانیایە ناتوانێت ئەو ١٢ فڕۆکەیە ڕادەست بکات،کە ڕێژیمی ئێران پێشنیاری سازکردنی دابوو.

پێشتریش "دێنیس مۆلێنبێرگ"، بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی بوئینگ لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەو شیرکەتە پەیڕەوی لە بڕیارەکانی ترامپ دەکات و بەپێی بڕیارەکان مۆڵەتەکانی فرۆشتنی بوئینگ بە بڕی ٢٠ میلیارد تمەن بە ڕێژیمی ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە و هیچ فڕۆکەیەک بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشێت.

دوای ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و گەمارۆوەکانی لەسەر ڕێژیمی ئێران سەرلەنۆی کارا کردەوە، زۆربەی ئەو کومپانیا جیهانییانە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکەن، پرۆژەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێننەوە.

هەتا ئێستە چەندین شیرکەتی بازرگانی، بیناسازی، نەوتی، ماشینسازی و بانک لە ئێراندا چوونەتە دەرەوە.