کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای هواوی بە تەنافی ڕێژیمی ئێران خۆی خستە نێو چاڵەوە

10:24 - 9 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دادی ئامریکا، کۆمپانیای هواویی، بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و ساختەکاری تاوانبار کرد.

وەزارەتی دادی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕێبەندان، کۆمپانیای هواوی و بەرپرسی بەشی داراییی ئەم کۆمپانیایەی بە بۆنەی ساختەکاریی لە کاروباری بانکی، دزینی نهێنیی بازرگانی و پێشێلکردنی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران بە تاوانبار ناساند.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، وەزارەتی دادی ئامریکا، لە ١٣ خاڵدا سەرپێچییە یاسایییەکانی کۆمپانیای هواوی دەسنیشان کرد، کە فریودانی بانکێکی نێونەتەوەیی و بەرپرسانی ئامریکایی و پێوەندیی کۆمپانیا کۆبەشەکانی وەکوو : ئێسکای کام تەک و "هواوی دیویسی ئامریکا" لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بەشێک لە سەرپێچی و ساختەکارییەکانی ئەم کۆمپانیایە.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، وەزارەتی دادی ئامریکا، هەروەها دوو کۆمپانیای کۆبەشی هواوی بە ١٠ خاڵ وەکوو: دزینی نهێنیی بازرگانی، ساختەچیەتی لە کاروبار و مامەڵە بانکییەکان و کارتێکدان لە بواری لێکۆڵینەوەی دزی تێکنۆلۆژیی کۆمپانیای ئامریکایی "تی موبیل" تاوانبار کردووە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، هەر بەم بۆنەوە، ئامریکا لە هەوڵی ئەوەدایە کە ڕێگا بە کۆمپانیا ئامریکاییەکان نەدات، هەتا کەرەستەکانی خۆیان لە کۆمپانیای هواوی بکڕن، چونکە کارناسان پێیان وایە ئەم کەرەستانە بۆ کاری سیخوڕی دەبێت.

هەر لەم پێوەندییە، بە داخوازیی ئامریکا، لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزدا، منگ وانجۆ، بەرپرسی بەشی داراییی هواوی و کچی دامەزرێنەری ئەم کۆمپانیا، لە وڵاتی کانادا، بە تاوانی دانانی کۆمپانیا سێبەرەکان بۆ پێوەندی بازرگانیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و پێشلکردنی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئەو ڕێژیمە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.