کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای گووگڵ پێشی بە سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێران گرت

12:30 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆمپانیای گووگڵ لە بڕیارێکی نوێدا پێشی بە دابەزاندنی دوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی گرت کە ڕێژیمی ئێران بەهۆیانەوە سیخوڕی دەکرد.

کۆمپانیای گووگڵ جارێکی تر پێشی بە زێدەڕەوییەکانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر کەڵکاژۆوەرگرتنی ئەو ڕێژیمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فیلتێرکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام و درووستکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییە درووستکراوەکانی خۆی بە جێگای تێلێگرام بۆ سیخوڕیکردن لە نێوان بەکارهێنەرانیدا لە ئێران، گرت.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، لە چەند ڕاپۆرتی جیاوازدا دۆڕانی پرۆژە سیخوڕییەکانی ئەو ڕێژیمەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بڵاو کردەوە؛  لەمبارەوە ماڵپەڕی "هەرانا" ئاشکرای کردووە: پرۆژەی پێشنیارکراوی بەر‌پرسانی ئەو ڕێژیمە بۆ فیلتێرکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام و جێگرتنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە درووستکراوەکانی خودی ڕێژیم لە ئێراندا سەری نەگرتووە و هێشتا بیانوویەکی پاساوهەڵگر بۆ دۆڕان و سەرنەگرتنی ئەو پرۆژەیە ڕانەگەیەندراوە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابروودا و بەتایبەت لە کاتی سەرهەڵدانی خرۆشانی ناڕەزایەتی و خۆپشاندانەکانی خەڵکانی سەرانسەری ئێران لەهەمبەر سیاسەتە دیکتاتۆرانەکانی دەسەڵاتدارانی زاڵ بە سەر ئێران، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم وەکوو سیاسەتی هەمیشەیی خۆیان، ئەو خرۆشانانەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانیان بە فیتنە و ئاژاوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام گرێ دایەوە.

لەم پەیوەندییەشدا چەندین جار بڕیاری فیلتێرکردنی تۆڕە کومەڵایەتییەکان و بەتایبەت تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام لە لایەن بەرپرسانی باڵای ڕێژیم و بەتایبەت خامنەییەوە، درا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە و بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا داوایان لە خەڵکانی ئێران دەکرد بە جێگای تێلێگرام، تۆڕە کۆمەڵایەتییە درووستکراوەکانی خۆیان بەکار بهێنن.

سەرەڕای فیلتێرکردنی تێلێگرام لە ئێراندا و داواکارییە بێبنەماکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە خەڵکانی ئەو وڵاتە، جیا لەوەی کە بەرپرسانی خۆدی ئەو ڕێژیمە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام کەڵک وەردەگرن و لاپەڕەکانی خۆیان نەسڕیوەتەوە، پرۆژەی فیلتێرکردنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەش سەری نەگرتووە و پاش ئەو بڕیارە ڕێژەی بەکارهێنەرانی تێلێگرام لە ئێراندا زیاتر بووە و بەکارهێنەران لە ئەپەکانی فیلتێرشکێن بۆ بەکارهێنانی تێلێگرامی فیلتێرکراو لە ئێراندا کەڵک وەردەگرن.

لەم پەیوەندییەدا کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاندووە، کە دابەزاندنی دوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی هاتگرام و تێلێگرام تەڵایی کە درووستکراوی دەستی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانن و بۆ کاری سیخوڕی درووستی کردوون ڕاگیراوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا دەسڕدرێنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان نەریمان غەریب، کارناسی ئەمنییەتی سایبێریی کۆمپانیای گووگڵ، ڕایگەیاندووە: ئەمنیەتی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گووگڵ لە سەرانسەری جیهاندا و بەتایبەتی لە وڵاتی ئێران کە دەیهەوێت کەڵکاژۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە درووستکراوەکانی خۆی لە کۆمپانیای گووگڵ بۆ بەکارهێنەرانی ئێرانی وەربگرێت، بۆ کۆمپانیای گووگڵ گرینگە و لەم پەیوەندییەدا دوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی هاتگرام و تێلێگرام تەڵایی کە درووستکراوی ڕێژیمی ئێرانن، خراونەتە لیستی بەرنامە گوماناوییەکانی کۆمپانیای گووگڵ و بە زووترین کات دەسڕدرێنەوە.