کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد

17:39 - 5 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان وێڕای ناردنی پەیامی پرسە و سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان و ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پشتیوانییان لە شۆڕشی ڕزگاریخوزانەی گەلی کورد دەربڕی.

دەقی پەیامەکە:

بەڕێزان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕێگای میدیا کوردییەکان و ڕاگەیەندراوی حیزبە شۆڕشگێڕەکەتان ئاگادار کراینەوە کە وێڕای وەشاندنی زەبرێکی زۆر قورس لە داگیرکەرانی کوردستان لە شەڕێکی نابەرانبەر لەگەل چڵکاوخۆر و پاسدارانی کۆماری ئیسلامی‌دا، بەداخێکی گرانەوە پۆلێک پێشمەرگەی کۆلنەدەر بوونە قوربانی خاکی پیرۆزی کوردستان، هەربەم بۆنەوە بە نێوی کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی هۆلەند، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خەڵکی کوردستان و ڕێبەرایەتیی حیزب و بنەماڵەی سەربەرزی ئەم پێشمەرگە قارەمانانە دەکەین و بە پێداگرتن لە سەر ئەو ڕاستییە کە کورد یەک میللەتە و کوردستانیش یەک وڵات، جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆمان لە شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان دەردەبڕین و سەری ڕێز بۆ سەرجەم شەهیدانی گەلەکەمان بەتایبەتی شەش کۆڵنەدەری دێموکرات دادەنوێنین.

کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی هۆلەند