کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان: تەنیا وڵاتانی دیکتاتۆر ڕۆژنامەوانان زیندانی دەکەن

18:30 - 18 سەرماوەز 2721

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان لە نیۆیۆرک ڕایگەیاند، ڕێژەی ڕۆژنامەوانانی زیندانی لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتووەتە ٢٩٣ کەس و لە ئێراندا یازدە ڕۆژنامەوان لە زیندانەکانی ڕێژیمدان.

ئەو کۆمیتەیە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ڕایگەیاند، ٢٤ ڕۆژنامەوان بە شێوەی مەبەستدار لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان کوژراون.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین گوشار و بەربەست لەسەر ڕۆژنامەوانان دادەنێت و زۆرترین ڕۆژنامەوانی زیندانیی هەیە. ڕۆژنامەوانان، چالاکانی دونیای خوازەکی و بەکارهێنەرانی ئاسایی بە تۆمەتی جۆراجۆر دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان دەکرێن.

لە کۆتایی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور سەرەڕای ئەوەیکە سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ژنانی ڕۆژنامەوان و زیندانیکردنی سیستماتیکی چالاکانی میدیایی هۆشداریی بە ئێران دابوو، ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی مەحکووم کردبوو. 

پێشتریش ڕێکخراوی "ئارتیکل ١٩" بە هاوکاریی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان (CPJ) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو، ڕەوتی ئازار و ئەزییەتی ژنانی ڕۆژنامەوانی ئێرانیی دانیشتووی دەرەوەی وڵات لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە جێگای نیگەرانییە.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان وتوویەتی، تەنیا وڵاتانی "دیکتاتۆر" ڕۆژنامەوانان بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵ دەسبەسەر و زیندانی دەکەن.