کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووری کوردی لە نوروێژ: هیچ لایەنێک نابێ خۆی بە خاوەنی خاکی کوردستان بزانێ

21:41 - 9 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی گشتیی کولتووریی کورد پاش هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆسەر چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات، بانگەوازێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو بانگەوازە، بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی بەڕێز
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

هەروەک ئاگادارن نەتەوەکەمان ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیی به یەکڕیزی و یەکگرتوویی تاکی کورد و رێکخراوە کورد و کوردستانییەکان هەیه.

رۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەبێت یارمەتیدەر و پشتیوانی شۆڕشگێڕانی خۆیان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بن.

هەر بۆیە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کورد بە هەستکردن بە بەرپرسایەتی، وێڕای ئەنجامدانی یارمەتی و دڵسۆزی بۆ یەکتر، پێویستە کە بەر بە هەر چەشنە گیروگرفتێکی فکری و سیاسی کە بۆیان دێتە پێشێ ژیرانە و بە لێکدانەوەی ورد هەڵسوکەوت بکەن و بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکان لەسەرەوەی هەموو شتێک دابنێن.

لە وەها هەلومەجێکدا زمانی چەک و رێگە لە یەکتر گرتن، لە ویست و داخوازی خەڵکی کوردستاندا خۆ نابینێتەوە. هەر بۆیە ئێمە وەکو کۆمەڵەی کولتووری گشتی وێڕای هەموو ئەو لایەن و کەسایەتییە سیاسی و سەربەخۆیەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دەنگمان دەخینە پاڵ دەنگی ئەوان و دیالۆگ و دانیشتنی دۆستانە و شیاو کەلە زاتی هێزی سیاسی بەرهەڵستکاری کورد بە دژی داگیرکەرانی کوردستان دەوەشێتەوە، بە تەنیا رێگەی چارەسەری کێشەکانی دەزانین.

هەر لایەنێکی رامیاری، کولتووری، ئەدەبی و ئایینی دەبێت بەپێی ئەرکی نیشتمانیی خۆی بەرژەوەندییەکان له شوێنی خۆی بپارێزێ و هاوکات پشت و پەنای بەشەکانی کوردستانی بەش بەشکراو بێت و بە هیچ شێوەیەک ئیزن به خۆی، یان خۆیان نەدەن کە چالاکی و تێکۆشانی بەشێکی کوردستان بخاته ژێر دەستی خۆیان، بەڵکوو هاودڵی و یەکڕیزیی هەر چوار پارچە تەنیا رێگەی سەرکەوتنی نەتەوەی کوردە.

له کاتیکدا کوردستان به دەستی داگیرکەران بەش بەش کراوه، بەڵام هەر تاکێکی کورد خاوەنی ئەم کوردستانەیه. بۆیه ناکرێ و نابێت هیچ تاکێک، یان رێکخرواێک خۆی به خاوەنی بەشێک و یان هەموو کوردستان بزانێ.

ئێمە وەک کۆمیتەی گشتی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی له نوروێژ و ناوچەکان، داوا لە سەرجەم رێکخرواه سیاسی و کۆمەڵایەتییە کوردییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین تا هەموو هەوڵەکانی خۆیان وەگەڕ بخەن بۆ پاراستنی یەکدەنگی و یەکڕیزیی گەلی کورد و رێگە نەدەن شەڕ و گرژی لە نێوان هێزە کوردییەکان روو بدات و هەر کێشه و ناکۆکییەک له رێگای دانووسان و دیالۆگەوە چارەسەر بکەن.

کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی له نوروێژ
کۆمەڵەی کولتووریی کوردی/ ئۆسلۆ
کۆمەڵەی کولتووریی کوردی/ ئۆستفۆڵد
کۆمەڵەی کولتووریی کوردی/ دارمێن
کۆمەڵەی کولتووریی کوردی/ باشووری نوروێژ
کۆمەڵەی کولتووریی کوردی/ ترۆندهایم
کۆمەڵەی کولتووریی کوردی/ ئوپلاند
کۆمەڵەی کولتووریی کوردی/ بودۆ
کۆمەڵەی کولتووریی کوردی/ ئاکەشهوس