کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیس وتوویەتی سەرپێچییەکان لە زیندانی ئێڤین ئاشکران

12:46 - 8 خەرمانان 2721

بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، سەرپێچییەکان لە زیندانی ئێڤین ڕوون و ئاشکران و دەبێ لێپرسینەوە لە تاوانباران بکرێت.

''حەسەن شوجاعی'' کە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانان باسی لەوە کردووە ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا لە زیندانی ئێڤین بڵاو کراوەتەوە، سەر لەنوێ تاوتوێمان کردوون و سەردانی بەندەکانی ئەو زیندانەمان کردووە.

بەوتەی ناوبراو ئەو ڤیدیۆیانە لە ساڵەکانی ٩٥ هەتا ٩٩ی هەتاوی لەلایەن کامێراکانی زیندانی ئێڤین تۆمار کراون و لە ئارشیڤی ئەو زیندانە دەرهێنراون.

قسەکانی بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیس لەحاڵێکدایە کە ڕۆژێک پێشتر ''حەسەن نەورۆزی'' جێگری کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتبووی  ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە زیندانی ئێڤین، "فیلمسازیی ئیسرائیلـ"ـییەکانە.

گرووپی سایبێریی بە ناوی ''عەداڵەتی عەلی'' ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی گەلاوێژ بە بڵاوکردنەوەی چەندین ڤیدیۆ و وێنە ڕایگەیاند کە  کامێرا ئەمنییەتییەکانی زیندانی ئێڤێنی هەک کردووە، بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیانە شەپۆلێکی لە کاردانەوەی چالاکانی مافی مرۆڤ، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.