کۆمەڵێکی زۆر لە هونەرمەندان و موزیک زانانی شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند کە لە ناڕەزایەتی بە داخرانی هەموو چالاکییەکانی فەرهەنگی و هونەری ئەو شارە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیم، لە هەر چەشنە کاری هونەری دەست دەکشێنەوە.
لە بەیاننامەی ئەو موزیک زانانە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامدا بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە بەرپرسانی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی پاوە بە ئیرادەیەکی جیددی و ڕاشکاوانە هەوڵ دەدەن فەرهەنگ، زمان و هونەری ئەو شارستانە لەنێو بەرن و لەو ڕەوتە پڕ لە شورەییەدا هەموو چالاکییەکانی فەرهەنگی و هونەری ئەو شارەیان داخستووە.
لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە داخرانی چەندین ناوەندی وەکوو ''دامەرزاوەی فەرهەنگی و هونەری هەورام، ئەنجومەنی هونەری گرینکە، نەسیمی هەورامان و داخرانی سێ ساڵەی ئەنجومەنی موسیقیی ئەو شارە'' کراوە و هەروەها نووسراوە کە ''ئۆرکێسترای فلارمونیک'' لە پاوە لە حاڵی داخران دایە.
ئەو موزیک زانانە لەو بەیاننامەیەدا نووسیویانە کە بە گوشاری بەرپرسانی ئیدارەی ئیرشاد ناچار بە چۆڵکردنی شوێنی ''ئۆرکێسترای فلارمونیک'' کراون.
نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە ڕەخنەیە لە بێدەنگی ئەنجومەنی موسیقیی ئێران و چەندین ناوەندی دیکە دەربڕیوە، هەروەها وتوویانە کە ئەو بابەتەیان لەگەڵ بەناو نوێنەری ئەو شارە خستووە بەرباس کە هیچ ئاکامێکی نەبووە.