کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک بەڵگە لە پەیوەندی لەگەڵ نهێنیکاریی ڕێژیمی ئێران لەبابەت پرسی ناوکییەوە بڵاو کرانەوە

17:43 - 10 جۆزەردان 2722

"نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وێڕای پەسندکردنی ڕاپۆرتی ئەم دواییانەی ڕۆژنامەی "وال ستریت ژۆرناڵ" لە پەیوەندی لەگەڵ دزرانی کۆمەڵێک بەڵگەی نهێنیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە، کۆمەڵێک لەو بەڵگانەی وێڕای وردەکاریی زیاتری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەو بەڵگانە بڵاو کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠١، "نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وێڕای بڵاوکردنەوەی بەڵگەکە وتی: "ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لەو بەڵگانە هەوڵی شاردنەوەی بەرنامەی ناوکیی خۆی داوە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لەو بەڵگانەی کە بە دزێتی وەدەستی خستووە، هەوڵی ئەوە بووە کە سیستماتیک خۆی لە چاوەدێرییەکان بێبەری بکات.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئەوان بە شێوەکانی فرت و فێڵی ڕێژیمی ئێرانیان زانیوە.

ناوبراو وێڕای تویتەکەی، "ئەنیمەیشنـ"ـێکی بڵاو کردووەتەوە کە بە شێوەی گاڵتەئامێز دزرانی بەڵگەکانی ئاژانس لەلایەن ئێران و هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ شاردنەوەی چالاکییە ناوکییەکانی نیشان دەدات.